ڕۆژی بەخۆداچوونەوەی شانۆکاران

27/03/2021
فۆتۆ: 

بە بیانووی ڕۆژی جیهانی شانۆوە

گۆڕان نامیق

ڕۆژی جیهانی شانۆ تەنیا ڕۆژی پیرۆزبایی نییە، بەڵکو ڕۆژێکیشە کە دەبێت شانۆکاری کوردی باشوور، بۆ ساتێک ڕابمێنێت و بە خۆی و کار و پڕۆژەکانی، بەچەندێتی و چۆنێتی بەرهەمەکانی، بە  ڕێژەی بینەرەکانیدا بچێتەوە، پاشان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە لەخۆی بپرسێت: ئەوەی تا ئێستا کردوویەتی چییە؟ دەبێت لە ئێستا بەدواوە چی بکات؟

چەند باش دەبوو ئەگەر ئەم ڕۆژە بۆ شانۆکارانی کودستان، ببوایە بە ڕۆژی یەکتر قبوڵکردن، ڕۆژی داننان بە توانستەکانی یەکتر و هاندانی گەنجان و فێرخوازانی شانۆ، ببوایە بە ڕۆژی شانازیکردن و ڕێزگرتن لە شانۆکارانی پێشوومان !

بریا لەم ڕۆژەدا دەمانتوانی بە ڕوونی و ڕاشکاوی دان بە شکستەکانماندا بنێین، ڕەخنەکانمان ئاراستەی یەکتر بکەین و قسەیەکمان لەمەڕ کەموکورتیەکانی خۆمان بکەین، بریا کەس لە ڕەخنەکانی ئەویتر نیگەران و ڕووگرژ نەدەبوو .

خۆزگە دەکرا کە پێویستیشە بکرێت، لەم ڕۆژەدا لە خۆمان بپرسین: هەر بەراستی ئێمە چیمان کرد؟ ئەم هەموو گروپ و تیپەمان بۆ شانۆ دامەزراند، کۆلێژمان بۆی کردەوە.، شارەکانمان پڕکرد لە پەیمانگا و بەشی شانۆ، لەشکرێک  لە مامۆستای شانۆ، خاوەن بڕوانامەی دبلۆم، بکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا چییان بۆ بەرهەمهێناین؟ ڤیستیڤاڵی زۆرمان دروستکرد، بۆ مۆنۆ دراما، بۆ شانۆی کوردی، بۆ شانۆی بیانی، بۆ شانۆنامەی کوردی، بۆ شانۆی شەقام، بۆ ڕۆژی جیهانی شانۆ، ئایا کێ ئامادەی نمیشەکانمان بوو؟ جگە لە خۆمان! کۆڕ و سیمینارمان ساز کرد، بەرنامەی تەلەفزیۆنیمان کرد و چاوپێکەوتنمان ئەنجامدا، گۆڤارمان چاپکرد، هەفتانە، مانگانە، وەرزانە، ساڵانە. کتێبی زۆر، وتاری زۆر، شانۆنامەی زۆر نووسران و وەرگێڕدران .

باری دارایی باش بوو شانۆ هەر لە قەیراندا بوو، کە قەیرانی دارایش هات شانۆ هەر لە قەیراندایە،  تەنیا ژمارەی نمایشەکان هەندێک گۆڕانی بەسەرداهات !

چەند توانیمان بڕوا بە کۆمەڵگا بێنین کە باوەش بۆ هونەرەکەمان بکاتەوە؟ چەند توانیمان بڕوا بە دەسەڵات بێنین کە هونەرەکەمان بە جددی وەربگرن و پشتی تێنەکەن؟ چەند توانیمان سەربەرزانە بە خێزان و منداڵەکانمان بڵێین:  ببورن ئەم چەند مانگە من لە پرۆڤەدا دەبم چاوەرێی من مەبن، دواتر بۆتان قەرەبوو دەکەمەوە .

ئەگەر توانیومانە یەکێک لەو کانە بکەین کە هێمام بۆ کردن، ئەی بۆچی ئەوانەی شانۆ دەکەن و ئەوانەشی بینەری شانۆن هەر شانۆکارانن؟ ئەی بۆچی نەک هەر گوندەکان بەڵکو بەشێک لە شارۆچکەکانیش شانۆیان پێنەگەیشتووە؟ ئەی بۆچی نەمنتوانی بڕوا بێنین بەچین و توێژە جیاوازەکانی گۆمەڵگا لە پزیشکان، کرێکاران، سیاسی، ڕۆژنامەنووسان، ڕۆشنبیران، خوێندکارانی زانکۆ، مامۆستاکانیان، شۆفێری تەکسی و پاسەکان، کاسبکاران و دووکانداران، کە هەر نەبێت جارێک لە جاران بێن بۆ هۆڵەکانی شانۆ و  ببن بە بینەری کارەکانمان؟ بۆچی نەمانتوانی بڕوا بە بازرگان و خاوەن سەرمایەکان بێنین، کە بڕێکی کەم لە سەرمایەکانیان ببەخشن بەم هونەرە و سەرمایە گوزاری تێدا بکەن و قازانجی لێوە بەدەستبێنن؟

بۆ ڕەنگە کاتی ئەوەبێت خۆمان و کارەکەمان بخەینە ژێر ئەم پرسیارانەوە :

کاتی ئەوە نییە لە خۆمان بپرسین: چیمانکرد؟

چیمان بەرهەمهێنا؟

چیمان چنییەوە؟

دواتر چی دەکەین؟