زیاتر لە 100 خۆپیشاندەر لە میانمار کوژران

27/03/2021
فۆتۆ: 

خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی میانمار شەڕ و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و بەوهۆیەشەوە زیاتر لە 100 خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی٣ی٢٠٢١، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی نمایشی هێزە چەکدارەکانی میانمار، خۆپیشاندانی لایەنگرانی دیموکراسی و دژی حکومەتە نوێیەکەی میانمار کە لەڕێی کۆدەتاوە دەستبەکاربووە، لە زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەکە، هێزە ئەمنییەکانی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و تاوەکو ئێستاش ١١٤ کەس بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و تادێت ژمارەکە بەرزدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە لانیکەم 40 خۆپیشاندەر لە شاری ماندەلای، دووەمین شاری گەورەی میانمار و ٢٧ کەسیش لە شاری یانگۆنی  پایتەخت کوژراون.

کوژرانی ئەو ژمارە خۆپیشاندەرە پاش ئەوە دێت کە لە راپۆرتێکدا ئاشکرابوو، لە کەمتر لە دوو مانگی رابردوودا، لانیکەم ٤٠٠ کەسی ناڕازی لە کۆدەتا سەربازییەکەی میانمار، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە کوژراون.

لە میانی نمایشە سەربازییەکەی ئەمڕۆ، مین ئانگ هەلاینگ سەرۆکی کۆدەتاچییەکان و فەرماندەی سوپا لە وتارێکدا جارێکی تر پشتیوانی لە کۆدەتاکە کرد و بەڵێنیدا پاش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن سوپا لە دەسەڵات بکشێتەوە.

دوابەدوای کۆدەتا سەربازییەکەی میانمار لە ١ی شوباتی رابردوو و لەسەرکار لابردنی ئانگ سان سوچی سەرۆکی پێشووی میانمار، نزیکەی سێ هەزار خۆپیشاندەر و چالاکی مەدەنی لەو وڵاتە دەستگیرکراون و سزای جۆراوجۆریان بەسەردا سەپێندراوە.