وەزیرانی بەرگری 12 وڵات ئیدانە مامەڵەی سوپای میانماریان کرد

28/03/2021
فۆتۆ: 

وەزیرانی بەرگری ١٢ دەوڵەت لە ناویاندا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ژاپۆن و ئەڵمانیا، ئیدانەی بەکارهێنانی چەکیان کرد لە دژی خۆپیشاندەرانی مەدەنی میانمار.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وەزیرانی بەرگری ئەو ١٢ وڵاتە ڕایگەیاند " بە توندی ئیدانەی هێزی بکوژ و توندوتیژی دەکەین لە لایەن هێزە چەکادرەکانی میانمار و هیزە ئەمنییەکانەوە، سوپای شارەزا دەبێت پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مامەڵە و هەڵسوکەت پەیرەو بکات".

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەرکی سوپا پارێزگاریکردن لە خەڵک نەک ئەزیەت دانیان.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکە هاوبەشەکەیاندا وەزیرانی بەرگری ئەو ١٢ وڵاتە، داوایان لە سوپای میانمار کرد توندوتیژییەکانی ڕابگرێت و کار بکات لەسەر ڕێزکردنی جەماوەر و گێرانەوەی متمانە بۆخۆی، دوای ئەوەی بەهۆی مامەڵەکانەوە ئەو متمانەی لە دەستداوە.

وەزیرانی بەرگری هەریەکە لە ئوسترالیا، کەنەدا، دانمارک، ئەڵمانیا، یۆنان، ئیتالیا، ژاپۆن، هۆلەندا، نیوزلەندا، کۆریای باشور، بەریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیمزایان لەسەر بەیاننامەی ئیدانەکردنەکە کردووە.

دوێنی وڵاتی میانمار کە ماوەیەکە لەژێر حکومی سوپادایە ڕۆژێکی خوێناوی بەڕێکرد، بەشێوەیەک خۆپیشاندانەکان شەڕ و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و بەوهۆیەشەوە زیاتر لە 100 خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران.

دوابەدوای کۆدەتا سەربازییەکەی میانمار لە ١ی شوباتی رابردوو و لەسەرکار لابردنی ئانگ سان سوچی سەرۆکی پێشووی میانمار، نزیکەی سێ هەزار خۆپیشاندەر و چالاکی مەدەنی لەو وڵاتە دەستگیرکراون و سزای جۆراوجۆریان بەسەردا سەپێندراوە.