ئێران پێشنیازی چالاککردنی رێڕەوێکی دیکە لەبری کەنداوی سوێس دەکات

28/03/2021
فۆتۆ: 

ئێران هەوڵی چالاککردنی هێڵێکی گواستنەوەی نێودەوڵەتی دەدات لەبری کەنداوی سوێس.

کازم جەلالی، باڵیۆزی ئێران لە وڵاتی روسیا،  پێشنیازی هێڵێکی گواستنەوە دەکات کە بە ئێراندا تێپەڕدەبێت، جەلالی پێیوایە ئەو هێڵە دەتوانێت لەبری کەنداوی پەککەوتوی سوێس بەکاربهێنرێت .

رێڕەوی باکور- باشور بە وڵاتی ئێراندا تێدەپەڕێت و وڵاتی هندستان دەبەستێتەوە بە روسیا.

باڵیۆزی ئێران لە تویتێکدا بڵاویکردووەتەوە، "لە ژێر روناکی پەککەوتنکی کەنداوی سوێس، گرنگی چالاککردنی رێڕەوی باکور- باشور زیاتر دەردەکەوێت، پێویستە پەلە بکەین لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەک ."

ئەمە لە کاتێکدایە ئێران چەند ساڵێکە هەوڵی بەبازاڕیکردنی ئەو هێڵە دەدات و دەیەوێت چالاکی بکات لە بری کەنداوی سوێسی میسری .

باڵیۆزی ئێران روونیشی کردۆتەوە کە هێڵی باکور- باشور 30٪ی تێچووی کەمتر لە سوێس دەوێت و کاتی زیاتریش دەگەڕێنێتەوە بۆ بازرگانان، هەربۆیەش پێی وایە کاتی بەکارهێنانی هێڵەکە لەبری سوێس هاتووە .

هێڵەکەی جەلالی باسی دەکات، لە وڵاتی هندستانەوە دەستپێدەکات و بە مینای چابهار دەگات لە باشوری ئێران لەسەر زەریای هندی، لەوێشەوە بۆ مینای بەندەر ئەنزەلی لە باکوری ئێران لەسەر دەریای قەزوین، لە باکوری ئێرانەوە شتوومەک دەتوانرێت بگوازرێتەوە بۆ روسیا و پاشان بۆهەموو ئەوروپا .

کەشتی ئێڤەرگرین لە سێشەممەی رابردووەوە جموجۆڵی کەنداوی سوێسی راگرتووە و لە ئێستادا 321 کەشتی لەهەردوولای کەنداوەکەوە گیریان خواردووە.