ئەزهەر لەسەر پیشاندانی وێنەی کاریکاتێری پێغەمبەر محەمەد لە بەریتانیا هاتەدەنگ

28/03/2021
فۆتۆ: 

پیشاندانی وێنەی کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلام لە یەکێک لە قوتابخانەکانی بەریتانیا ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە و ئەزهەر ئیدانەی دەکات.

دوای ئەوەی دەرکەوت لە قوتابخانەیەکی بەریتانیا وێنەی کاریکاتێری پێغەمبەر محەمەد پیشانی فێرخوازەکان دراوە، هەینی رابردوو کۆمەڵێک لە موسوڵمانانی ئەو وڵاتە لە بەردەم قوتابخانەکە کۆبوونەوە و ناڕەزایی خۆیان پیشان دا.

هەر لەدوای ئەم رووداوەشەوە ئەزهەر راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تیایدا وتی، "ئەم جۆرە کردارانە هیچ بەهانەیەک لەخۆ ناگرێت و هانی رق و کینە و دەمارگیری دەدات، هەوڵێکی ئازاردەرە بۆ هەستی نزیکی دوو ملیار موسوڵمانانی جیهان."

بەڕێوەبەری قوتابخانەی "باتلی گرامەر" داوای لێبوردنی لەسەر ئەم کارە کرد و وتیشی ئەو مامۆستایەی ئەو کارەی کردووە لە ئێستادا لە ئیش راگیراوە و داوای لێبوردنیشی لە کارەکەی کردووە.

بەڕێوەبەرەکە وتیشی ئەو وێنانە چیدی پیشان نادرێن  و وەکو ستافی قوتابخانەکە وردەکاری لە دەقی بابەتەکانی وانەی پەروەردەی ئایینی دەکەن بۆ دووبارە روونەدانی کاری لەم شێوەیە.

کەناڵی سکای نیوز بڵاویکردۆتەوە کە ئەو وێنەیەی مامۆستاکە پیشانی فێرخوازەکانی داوە لە زنجیرەی ئەو وێنە کاریکاتێرانە وەرگیراوە کە پێشتر رۆژنامەی "چارلی هێبدۆ"ی فەڕەنسی بڵاویکردۆتەوە.