پزیشکانی فەڕەنسا: پێدەچێت نەتوانین چارەسەری هەموو تووشبووانی کۆرۆنا بکەین

29/03/2021
فۆتۆ: 

لە فەڕەنسا ئەگەری هەڵبژاردنی نێوان نەخۆشان هەیە بۆ چارەسەرکردن بەهۆی زیادبوونی رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پزیشکانی ئەو وڵاتەش نیگەرانی لە مەترسیداربوونی دۆخەکە دەردەبڕن.

پزیشکانی یەکەی خێرای نەخۆشخانەکانی پاریسی پایتەختی فەڕەنسا رایانگەیاندووە، ئەگەری ناچاربوونیان بە هەڵبژاردن لە نێوان نەخۆشەکان رۆژ بە رۆژ نزیک دەبێتەوە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە.

لە راگەیەندراوێکا کە میدیا فەڕەنسیەکان بڵاویانکردووەتەوە، 41 پزیشک کە لە بەرەی یەکەمی چارەسەری نەخۆشانی ڤایرۆسەکە کار دەکەن رایانگەیاندووە، وڵاتەکەیان لە سەرەتای بلاوبوونەوەی کۆرۆنا تاوەکو ئێستا بارودۆخی خراپی لەم جۆرەی نەبینیووە، تەنانەت لە کاتی بڵاوبوونەوەی شەپۆلی یەکەمی ڤایرۆسەکە ساڵی پێشوو دۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا مەترسیدار نەبووە.

راگەیەندراوەکە باس لەوەش دەکات ئەرکی نەخۆشخانەکان لەم دۆخەی ئێستادا پاراستنی زۆرترین ژمارەی توشبووانە لە مردن. بەڵام ئەگەر هاتوو ژمارەی توشبووان لەدەست دەربچێت ناچار دەبین هەلبژێرین کێ چارەسەر بکەین و پێشینە بۆ هەڵکەوتووان دەبێت.

راگەیەندراوەکە لە کاتێکدایە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە توندی بەرگری لە بڕیارەکەی دەکات بە دانەخستنی شوێنە گشتییەکان و رانەگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەری لە وڵاتەکەی.

سەرەڕای ئەوەی فەرەنسا لە سەرەتای مانگی یەکی ئەم ساڵەوە بە درێژایی شەو قەدەغەی هاتووچۆی تێدا راگەیەندراوە، رێژەی تووشبوون لەو وڵاتە لە زیادبووندایە و نەخۆشخانەکان لە پڕبووندان.

دۆزینەوەی جۆرێکی دیکەی ڤایرۆسەکە لە 17ی مانگی ئازارەوە ترس و دڵەراوکێی ئەو وڵاتەی زیاتر کردووە بەتایبەتی دوای مردنی 8 توشبوو بە جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە کە لە ناوچەی (بریتانی) فەڕەنسا دۆزراوەتەوە.

بەرپرسانی تەندروستی فەڕەنسا هەفتانە زیاد لە 2000 حاڵەتی مردن بە کۆرۆنا لە وڵاتەکەیان تۆمار دەکەن.