کەشتیەکەی نۆکەندی سویس جارێکی دیکە گیری خواردەوە

29/03/2021
فۆتۆ: 

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەو کەشتیەی کە ماوەی چەند ڕۆژێک بوو لە نۆکەندی سویس گیری خواردبوو، ئەمڕۆ دوای کەوتنەوە سەرئاوی جارێکی دیکە گیرخواردەوە.

ئاژانسەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە کە ناوی نەهێناون ڕایگەیاند، کەشتی  (ئیڤرن گیڤن) کە بە هەزاران تۆن باری هەڵگرتووە، بەهۆی تەوژمی بای بەهێزەوە جارێکی تر لە نۆکەندەکە گیریخواردەوە.

ئەو کۆمپانیا هۆڵەندیەی کە هاوکاری سەرئاوخستنەوەی کەشتیەکە دەکات ڕایگەیاند، هێشتا کارە زۆر قورسەکە ئەنجام نەدراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ئوسامە ڕەبیع سەرۆکی دەستەی کەناڵی سویس ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە ١٠ کەشتی تایبەت بە راکێشان توانراوە بەڕێژەی لە ٨٠% ئاراستەی کەشتی (ئیڤرن گیڤن) بگۆڕدرێتو بەشی دواوەی کەشتییەکە بە دووری ١٠٢ مەتر لە کەنار دووربخرێتەوە.

پێشتر عەبدولفەتاح سیسی لە تویتەر ستایشی هەوڵی تیمەکانی کردبوو لە خستنەوەسەرئاوی کەشتییەکە و لەو بارەیەوە ڕایگەیاندبوو، سەرباری قورسی کارەکە، بەڵام میسریەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا لە کۆتایی هێنان بە قەیرانی ئەو کەشتیەی کە نۆکەندی سویسی داخستبوو.