شادی عەبدوڵا بۆچی کوژرا؟

29/03/2021
فۆتۆ: 



شادی، کچە ئەندازیارێک بوو لە وەزارەتى کارەبا، هێشتا لە خۆشى و شادى ئاهەنگى مارەبڕینەکەیدا بوو کە نزیکەى 10 رۆژ لەمەوبەر بەڕێوەچووە، بەڵام گولەیەکى دەمانچە، کۆتایی بە ژیانى هێنا و مەرگ رێگەى پێنەدا لە خۆش و شادییەکانى ژیانى بەردەوام بێت.

ئێرە بیناى وەزارەتى کارەباى حکومەتى هەرێمە لە شارى هەولێر، لە کاتژمێر 10 و 18 خولەکى سەرلەبەیانی، رووداوێک لەم شوێنە سەرەنجى هەموو لایەکى بەلاى خۆیدا راکێشا، کچە ئەندازیارێکى وەزارەتى کارەبا، لە لایەن فەرمانبەرێکى ترى هەمان وەزارەتەوە، تەقەى لێکرا و کوژرا.

کچە کوژراوەکە ناوى شادى عەبدوڵایە و چەند رۆژێک بوو لە دەوام مۆڵەتى کرد بوو، چونکە سەرقاڵى پرۆسەى مارەبڕینەکەى بوو، بەڵام سەرلەبەیانى رۆژى دووشەممە لەگەڵ دەستگیرانەکەی چبوونە بیناى وەزارەتى کارەبا بۆ وەرگرتنى موچەکەى.

شادى لەناو بیناى وەزارەتى کارەبا تووشى کارمەندێکى دیکەى هەمان وەزارەت دەبێت کە پێشتر چبووە خوازبێنى بەڵام چارەنووس ئەم دووانە بەیەک ناگەیەنێت.

وتەبێژى پۆلیسى هەولێر دەڵێت، کاتێک شادى و ئەو فەرمانبەرە رووبەرووى یەک دەبنەوە، دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا روودەدات، لە ئەنجامدا کوڕەکە بە دەمانچەکەى فیشەکێک دەنێت بە سەرى شادییەوە و دواى ماوەیەکى کەم گیانلەدەستدەدات.

بەرپرسانى وەزارەتى کارەبا دەڵێن دوو قەوان لە شوێنى رووداوەکە بووە، بەڵام بەرپرسانى پۆلیس دەڵێن تەنیا یەک فیشەک بەر سەرى شادی کەوتووە.

سەرۆکى دیوانى وەزارەتى کارەبا دەڵێت شادى ئەندازیار بووە لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى دابەشکردن و ئەو کەسەشى کوشتوویەتى فەرمانبەرى دیوانى وەزارەت بووە کە هەر دەستبەجێ لە شوێنى رووداوەکە دەستگیرکراوە و رادەستى پۆلیس کراوە.

کەسوکارەکەى دانبەوەدا دەنێن ئەو کوڕەى شادى کوشتووە پێشتر هاتووەتە خوازبێنى بەڵام کارەکە سەرى نەگرتووە و بابەتەکە کۆتایی هاتووە، وتەبێژى پۆلیس هەولێریش لە لێدوانیدا بۆ میدکان باسى لەوەکردووە دواى ئەوەى هاوسەرگیریی شادى و ئەو فەرمانبەرە سەرى نەگرتووە، کوڕەکە بارى دەروونى تێکچووە.

کەسوکارەکەى شادى رەخنەى ئەوە دەگرن چۆن دەبێت کەسێک بە چەکەوە بچێتە ناو بیناى وەزارەتێکەوە، بەڵام لە وەڵامدا بەرپرسانى وەزارەتى کارەبا دەڵێن وەک عورفێک فەرمانبەر کاتێک دێت بۆ دەوام ناپشکێندرێت و لە دەرگاى تایبەتى خۆیانەوە هاتوچۆ دەکەن، تەنیا سەردانکەرانى وەزارەت نەبێت پشکنینیان بۆ دەکرێت.

لە ماوەى چەند رۆژى رابردوودا چەند حاڵەتێکى سوتان و گیانلەدەستدانى ژنان لە هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە کە کاردانەوەى لێکەوتووەتەوە.

چەند رۆژێک بەر لە ئێستا تروسکە سەباحى 23 ساڵ لە ناحیەى خەلیفانى سەر بە قەزاى سۆران لە رووداوێکى سوتاندا گیانى لەدەستدا کەسوکارەکەى گومانیان لە رووداوەکە هەیە و داواى لێکۆڵینەوە دەکەن.

هەروەها 27 ئەم مانگە لە گوندێکى سەر بە قەزاى کفرى گەنجێک خوشێکێکى خۆى کوشت کە تەمەنى 25 ساڵە و خێزاندارە.