نرخی نەوت بەرزتر بووەوە

30/03/2021
فۆتۆ: 

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی وزەدا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە نزیکەی ٦٥ دۆلار.

بە گوێرەی داتا و زانیارییەکانی بازاڕەکانی وزەی جیهانی ئەمڕۆ یەک بەرمیل نەوتی خاوی برنت گەیشتە ٦٤ دۆلار و ٩٦ سەنت.

لە لایەکی ترەوە نرخی نەوتی خاوی ئەمریکاش بە ٦١ دۆلار و ٦٣ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

سەرباری پێشبینییەکان بەوەی کە ئەگەر ئەو کەشتییەی نۆکەندی سویسی لە میسر داخستبوو ڕزگار بکرێت، کاریگەریی دەبێت لەسەر نزمبوونەوەی نرخی نەوت، بەڵام هێشتا نەوت هەر بەرزی ماوەتەوە.

هەفتەی ڕابردوو بەهۆی کەومی خواستەوە لەسەر نەوتی خاو نرخی نەوت چەند دۆلارێک دابەزی، بەڵام لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی داخستنی نۆکەندی سویسەوە لە لایەن کەشتییەکی زەبەلاحی بازرگانییەوە نزیکەی لە ١٢%ی جموجوڵی بازرگانی جیهانی پەکخستووە و تاڕادەیەکیش کاریگەریی هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزەدا .

 یەکێک لەو وڵاتانەی کە بودجەی وڵاتەکەی بە تەواوی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت عێراقە، بەشێوەیەک هەموو دابەزین و بەرزبوونەوەیەک کاریگەریی بەرچاوی هەیە لەسەر ئابوری و گوزەرانی خەڵکەکە .