بەریتانیا رەگەزنامە لەو هاوڵاتیانەی دەسێنێتەوە کە چوونەتە ناو داعشەوە

30/03/2021
فۆتۆ: 

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، بەریتانیا ڕەگەزنامە لەو ژنانە دەستێنێتەوە بەهۆی ئەوەی چوونەتە ڕێزەکانی ڕێکخراوی داعشەوە لە سوریا.

ڕۆژنامەکە لە زاری نوسینگەی رێگەپێدەری زانیارییەکان و دەستەی چاودێری لە بەریتانیا ڕایگەیاند، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە دەکرێت بە مەبەستی لێسەندنەوەی رەگەزنامە لەو ژنانەی پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە لە سوریا.

ڕۆژنامە بەریتانییەکە ئاشکرایکردووە، حکومەت ڕەتیدەکاتەوە ژمارە و وردەکاری ئەو ژنانە ئاشکرا بکات، کە بڕیارە ڕەگەزنامەیان لێ وەبگیرێتەوە.

ئەو بڕیارەی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا لە کاتێکدایە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دوودڵی خۆیان نیشانداوە سەبارەت بە دۆخی ژنان و منداڵانی کامپەکانی باکوری سوریا، کە بەزۆری ژنان و منداڵانی چەکدارانی داعشیان تیا نیشتەجێکراوە.

لە لایەکی ترەوە، ئالسیۆن هیگی لێپرسراوی ڕێکخراوی ( ئاسایش و مافی نێودەوڵەتی) وەزارەتی ناوخۆیی بەریتانیای تۆمەتبار کرد، بە تێوەگلان لە رەتکردنەوەی تەواو سەیارەت بە زانیارییەکان دەربارەی ئەو دۆسیەکە، بەو پێیەش سیاسەتی لێسەندنەوەی رەگەزنامەی بەریتانی لە دەرەوەی  هەموو چاودێرییەکە.

هیگی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان پێویستیان بە زانینی پێوەرەکانی ئەو جیاکارییە، کە حکومەتی بەریتانیا پەیڕەوی دەکات، بۆ سەندنەوەی ڕەگەزنامە لەو هاوڵاتیانەی، کە ئاخۆ تەنها بەرامبەر بە ژنان دەکرێت یاخودا نا.

ڕۆژنامەی بەریتانییەکە ئاشکرایکردووە، سیاسەتی سەندنەوەی رەگەزنامەی بەریتانی لەو ژنانەی کە داوای گەڕانەوەیان کردووە بۆ بەریتانیا دوای شکستی ڕێکخراوی داعش، حکومەت پێی وایە مەترسین بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا، بۆیە نابێت ڕێگەی گەڕانەوەیان پێ بدرێت.

بە گوێرەی یاسای بەریتانیا، رێگە دەدات بە وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە ڕەگەزنامە لە هەر کەسێک بسێنێتەوە، ئەگەر بزانرێت ئەو هەنگاوە لە بەرژەوەندیی گشتییە، ئەوە سەرباری ئەوەی کارێکی نایاساییە کەسێک لە رەگەزنامەکەی داماڵرێت، ئەگەر بزانرێت لە وڵاتێکی دیکە ڕەگەزنامەی پێ نادرێت.

ڕێکخراوی ( ئاسایش و مافی نێودەوڵەتی)  پێشتر لە ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردووی خۆیدا بڵاویکردەوە، کاریگەریی ئەو سیاستە ملپێکەچکردنی ژنان و منداڵانە بۆ راگرتنیان بەشێوەیەکی نایاسایی تا کاتێکی دیاری نەکراو، کە دەبوایە ئەو هاوڵاتییە بەریتانیانە بگەڕێندرانەتەوە بەریتانیا بۆ ئەوەی بتوانن لەبەردەم دادگا بەرگری لە خۆیان بکەن.

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٦ حکومەتی بەریتانیا رەگەزنامەی لە ٢٣ هاوڵاتی وڵاتەکەی سەندووەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٧شدا لە ١٠٤ کەسی دیکەی سەندووەتەوە، دواتریش لە ساڵی ٢٠١٨دا لە ٢١ کەسی دیکە سەندراوەتەوە.