کازمی لەسەر گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار هاتە دەنگ

30/03/2021
فۆتۆ: 

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بڕیارێکی ستراتیژییە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا ڕاشیگەیاندوە هیوادارین لە موزایەدەکردن بە نرخی دۆلارەوە دوربکەوینەوە، چونکە ئەو بڕیارەی بانکی ناوەندی بڕیارێکی ستراتیژییە.

ئاماژەی بەوەشکردوە بەهۆی بڕیارەکەوە خەریکە ئێستا هەست بە بەرزکردنەوە و گەشەی یەدەگی نەختینەی و توانای عێراق و وەرگرتنەوە و دانەوەی قەرزەکان دەکەین.

هاوکات لەبارەی پرۆژەی یاسای بودجەشەوە کازمی  ڕایگەیاند ئێمە بە پەرۆشەوە لە خێرا پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە دەڕوانین،چونکە بودجە بڕگەی گرنگی تیدایە لەبەرژەوەندی هەژاران و جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان.

ئەوە لەکاتێکدایە ماوەیەکە زۆرترین لێدوان و هەوڵ هەیە لەبارەی گۆڕانکارییکردن لە نرخی دۆلار و ژمارەیەک پەرلەمانتاریش داوا دەکەن لە پرۆژە یاسای بودجەدا نرخەکە بهێنرێتە خوارەوە، بەڵام ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە دەڵێن ئەوە لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە.