ئەمریکا حکومەتی ئێران بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ناوچەکە تۆمەتبار دەکات

31/03/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ناوچەکە تۆمەتبارکرد.

لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا دەربارەی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان لە ساڵی ٢٠٢٠دا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئێران و روسیا و چین و چەند وڵاتێکی دیکەی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ تۆمەتبارکرد.

لە بەشێکی راپۆرتەکەدا هاتووە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرەڕای پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەیان، لەڕێگەی پشتیوانی سەربازیی لە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا و هێزەکانی حزبوڵا و گروپە چەکدارەکانی عێراق و هەروەها حوسییەکان لە یەمەن، پێشێلکاری مافی مرۆڤ لەو سێ وڵاتەش ئەنجام دەدات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، حکومەتی ئێران بەشێوەیەکی گشتگیر لەڕێی سوپای پاسدارانەوە پشتیوانی لە حکومەتی بەشار ئەسەد دەکات و بە بەکارهێنانی چەکدارە شیعەکانی عێراق و چەکدارە ئەفغانی و پاکستانییەکان و گواستنەوەیان بۆ سوریا، بووەتەهۆی درێژەکێشانی شەڕی ناوخۆیی و کوژرانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لەو وڵاتە.

هەر لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، "کۆماری ئیسلامی ئێران راستەوخۆ پشتیوانی لە گروپە تیرۆریستییەکانی عێراق لەوانەش کەتیبەکانی حزبوڵا دەکات، کە دەستیان لە کوشتن و بێسەروشوێنکردنی خەڵکی بێتاواندا هەیە".

لای خۆشیەوە ئەنتۆنی بڵینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا پشتیوانی لە راپۆرتەکە کرد و رایگەیاند، بڵاوکردنەوەی ٤٥ەمین راپۆرتی ساڵانەی مافی مرۆڤ، پیشاندەری ئەوەیە کە مافی مرۆڤ و شەفافیەت و هەستی بەبەرپرسیارێتی، لە ئەولەویەتی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەرپرسانی ئێران ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە و لە رابردووشدا بە رەتکردنەوەی ئەو جۆرە راپۆرتانە، پێیانوایە کە حکومەتی ئەمریکا هەوڵدەدات لەو رێگەیەوە وێنەیەکی ناشیرین و دزێو لە بارودوخی ناوخۆی ئێران پێشان بدات.