پشدەر عەبدوڵا: تووشبوون بە کۆرۆنا لەناو منداڵاندا زیادیکردووە

31/03/2021
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری لە شاری سلێمانی رایگەیاند، تووشبوون بە کۆرۆنا لەناو منداڵاندا زیادیکردووە.

لە لێداونێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، د. پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری لە شاری سلێمانی رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو منداڵانیشدا زیادیکردووە، بەڵام ئەوەی جێی خۆشحاڵییە، ئەوەیە کە حاڵەتەکان سوکترن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی بەراورد بە ڕابردوو لە ئێستادا منداڵان زۆرتر تووشی نەخۆشییەکە دەبن، ئاماژەیەکە بەوەی کە ئەم ڤایرۆسەی ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاوە، بڵاوبووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، چونکە زۆربەی حاڵەتەکان سوکن، نەخۆشخانەکەیان لۆدێکی ئەوتۆی لەسەر نییە و دەتوانن بەشێوەیەکی باش چارەسەریان بکەن.

د. پشدەر عەبدوڵا راشیگەیاند، باشترین شت خۆپارێزییە بۆ ئەوەی بتوانین بەباشی کۆنتڕۆڵی حاڵەتەکانی تووشبوونی منداڵان بە کۆرۆنا بکەین.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری لە شاری سلێمانی داواشی لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، کارمەندی زۆرتر بۆ نەخۆشخانەکەیان دابین بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەی پێویست کارەکانیان ئەنجام بدەن.