ئەرستۆكراتی ئەوروپایی و پارەداری كورد

31/03/2021
فۆتۆ: 

جەبار جەمال غەریب

ئەرستۆكرات و پارەدار، یەك خاڵی هاوبەشیان لەنێواندا هەیە، ئەویش كۆكردنەوە و كەڵەكەكردنی پارەیە.

سەرەتا با بزانین بە شێوەیەكی گشتی، مانای ئەرستۆكرات چییە؟

ئەرستۆكرات جۆرێكە لە حوكمكردن، كە دەسەڵات لە دەستی گرووپێكی بچووكدایە. لە یۆنانی كۆندا ئەرستۆكرات واتا باشترین حوکم، بەڵام بەستراویشەتەوە بە چینی نەجیبزادەوە.

ئەرستۆكرات پەیوەندییەكی توندی بە نەجیبزادەوە هەیە، ئەویش نزیكەی چل هاومانای هەیە، وەك كوڕی بنەماڵە، شازادە، خوێنشین، شارستان، جێنشین... لە یۆنانی كۆنیش بە مانای حوكمی باشترینەكان دێت. ئەوەی نەنگیی ئەو حوكمەیە ئەوەیە، كە دەسەڵات لە دەستی گرووپێكی بچووكدا دەهێڵێتەوە و ڕێگای هاوبەشیكردن بە بەشی زۆری خەڵك نادات. بەوە تاوانبار دەكرێ، كە گوێ لە خەڵك ناگرێ و جۆرێك لە سەركوتكردن پەیڕەو دەكات و حوكمێكی تاكڕەوی یان دەستەیەكە و بەس.

ئەوەی من دەمەوێ شیكار و لێكدانەوەی سیستەمی ئەرستۆكرات نییە، وەك جۆرێك لە حوكم و بەڕێوەبردن، بەڵكوو بەراوردێكە لەنێوان، ئەرستۆكرات وەك چین، بەتایبەتی ئەرستۆكراتی ئەورووپایی، لەگەڵ پارەداری كورددا، یان پارەداری خۆرهەڵات. ڕوونتر ئەوەی من دەمەوێ، دیوە كولتوورییەكەی ئەرستۆكراتە، ئەو كولتوورە چییە، كە ئەرستۆكرات پەرەی پێ داوە؟

ڕاستە ڕەگی وشەی ئەرستۆكرات یۆنانییە و مانایەكی سیاسیی هەیە، بەڵام كە حوكم دەكات و دەمێنێتەوە، جۆرێك لە كولتوور دروست دەكات، كە هەتا دوای نەمانی خۆشی، وەك سیستەمێكی سیاسی و كولتوورەكەی دەمێنێتەوە.

كولتوورە گشتی یان باوەكانی ئەرستۆكرات

- دەوڵەمەندی و پارەداری، سیما یان سیفەتێكی دیاری ئەرستۆكراتییە، هەر لە ڕێگای پارەشەوە دەسەڵاتی گشتی و سیاسی و كولتوورییان وەرگرتووە.

- ئەرستۆكرات بانگەشەی ئەوە دەكات، كە سەرمایەی لە ڕێگایەكی دادپەروەرانەوە بەدەست هێناوە.

- واتا ئەرستۆكرات بانگەشەی ئەوە دەكات، كە وڵاتی ئاوەدان كردووەتەوە و كارگەی دروست كردووە و بەرهەمی زیاد كردووە.

- خۆی بە سەرچاوەی داهێنانە زانستی و كولتووری و فەرهەنگییەكان دەزانێ.

- بیروباوەڕی ئەرستۆكرات نیشتمانپەروەرییە، لە سەردەمی ئەواندا نەتەوەپەروەری لە بەرزترین پلەی باڵادا بوو، خەمخۆری یەكەمی زمانی نەتەوەكەی خۆیان بوون، پاراستنی مێژووی وڵات و پاشماوە دێرینەكان، ئەركی نیشتمانیی ئەوان بوو.

- پێی وایە لەژێر باڵی ئەودا بەرهەم زیادی كردووە و بەهۆی عەقڵی ئەوەوەیە، هەموو كەس دەستی بە پێویستییەكانی خۆی ڕادەگات.

- ئەو پێی وایە، ئەو ماندوو بووە تا هەموو خەڵكی بتوانن پیڵاو لەپێ بكەن و كراسیان هەبێت و جلوبەرگی هەرزانییان دەست بكەوێت.

- ئەرستۆكراتەكان پێیان وایە، لەسایەی ئەوانەوەیە كە خواردن زۆرە و دەست هەموو كەس دەكەوێت.

- لەسەرووی هەمووشیانەوە پێیان وایە، ئەو پارەیەی دەستیان كەوتووە مافی خۆیانە، بیانووشیان ئەوەیە (بۆ نموونە) كە ئەوان بە ملیۆنان ڕادیۆ بەرهەم دێنن، مافی خۆیانە لە هەر ڕادیۆیەك یەك دۆلاریان دەست بكەوێت، بەوەش دەبنە ملیۆنێر، بۆ هەموو بەرهەمەكانی دیكەش هەر ئاوا.

خولیاكانی ئەرستۆكراتی ئەورووپایی

- كولتووری ڕۆشنبیری و هونەری و دیبلۆماسیی ئەرستۆكراتەكان، كە ئەوانیش وەك خواپێداوەكانی كوردستان پارەدارن، زۆر دەوڵەمەندە و گۆڕانێكی گەورەی بەسەر دنیادا هێناوە.

- ئەرستۆكراتەكان برەویان بە هونەری شێوەكاری دا و سەرمایەگوزارییان لە تابلۆ و بەرهەمی ئەدەبیدا دەكرد.

- لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەواندا، شێوەكاری گەیشتە ترۆپك، تابلۆكان بە نرخی خەیاڵی دەفرۆشران، ئەتەكێتی هەموو ئەرستۆكراتییەك بوو تابلۆی گرانبەها لە ماڵەكەیدا نماییش بكات. كتێبخانەی گەورە و كتێبی نایاب و دەگمەنی هەبێت.

- هەر ئەوان برەویان بە سینەما دا و فیلمی نایاب و مەزن لە سەردەمی ئەوان دەركەوتن.

پارەداری كورد بەگشتی

- پارەداری كورد میراتگری ئەرستۆكراتی ئەورووپایە، تەنیا لە كەڵەكەكردنی پارەدا لەو دەچێت و هیچ ئەتەكێتك و ڕەوشتێكی ئەرستۆكراتیی نییە.

- پارەداری كورد هەرگیز بەشداریی داهێنانی نەكردووە.

- پارەداری كورد هیچ خزمەتێكی نیشتمانیی بە ئەركی خۆی نازانێ.

- پارەداری كورد دوژمنی سەرسەختی كتێب و هونەر و شێوەكارییە.

- پارەداری كورد هیچ خۆشەویستییەكی بۆ زمانەكەی نییە و هەرگیز وەك سەروەتێكی نیشتمانی سەیری زمانەكەی ناكات و ئەوەندەی بۆی بكرێت، لەژێر پەردەی قازانج و بازرگانیدا فەرامۆشی دەكات. بە یاسا ناچاری بكەی بە كوردی لەسەر كاڵاكانی بنووسێ، ئەو سزاكەی دەدات و بە سانسكریتی دەنووسێ، بەڵام بە زمانی دایكی نانووسێ.

- دوژمنی سەرەكیی مێژوو و ئاسەواری كورد پارەداركانن، نەك پاشماوە بەنرخەكان، چاوی نەتەوەكەیان و شاخ و ئاوەكەشی بەناوی بازرگانییەوە دەفرۆشن.

خولیا هونەرییەكانی پارەداری كورد، كە نوێنەری ئەرستۆكراتی ئەورووپاییە:

- لەجیاتی گرنگیدان بە كاری هونەری خۆماڵی و بەتایبەتی شێوەكاری و تابلۆ، خولیایەكی هیچ و گەمژانەی هەیە، ئەویش كڕینی تابلۆی ژمارە (جوانە!) بۆ سەیارەكانیان. كڕینی ژمارەی تەلەفۆنی (بە قسەی خۆیان) تایبەت و شیكە.

- دروستكردنی ڤێلا و خانووی سەرسوڕهێنەر و تێچووی زۆرە لەناو ئەو شوێنانەی، ناوی (مەزرەعە)یان لێ ناوە و ساڵی چەند ڕۆژێك دەچنە ناوی.

جیاوازیی هەرە سەرەكی لەنێوان پارەداری كورد و ئەرستۆكراتی ئەورووپاییدا

- ئەرستۆكراتی ئەورووپایی هەوڵی فەرهاد دەدات تا بیسەلمێنێ، هێشتا ڕوحیەتی ئینسانیی بەهێزە، ساڵانە دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری و خێرخوازی دەكاتەوە.

- پارەداری كورد بە كڕینی ژمارەی تەلەفۆن و تابلۆی سەیارەی گرانبەها و دروستكردنی ڤێلای ناپێویست و دەیان كاری بێمانا و بێ بەرهەمی دیكە، دەیانەوێ بە هاونیشتمانییەكانی خۆیان بڵێن، ئێوە هیچ نین و شایانی كونەگورگێك و ژیانێكی ئاساییش نین، من وەك كەڵەگا هەموو سامانی وڵاتم بۆ خۆم قۆرخ كردووە.