تورکیا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی ئاشکرا کرد کە روویانکردووەتە وڵاتەکەی

31/03/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی ناوخۆیی تورکیا ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە لە ساڵی ٢٠١٩وە تا ئەمڕۆ دەستگیرکراون، نزیکبووەتەوە لە ٦٠٠ هەزار کۆچبەر.

سلیمان سویلۆ وەزیری ناوخۆیی تورکیا ئاشکرایکرد، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ساڵی ٢٠١٩دا دەستگیر کراون، گەیشتووە ٤٥٤ هەزار و ٦٦٢ کەس، لە ساڵی ٢٠٢٠دا سەرباری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ١٢٢ هەزار و ٣٠٢ کۆچبەر دەستگیر کراون.

وەزیری ناوخۆیی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی ئەو هاوڵاتییە سوریانەی کە لە سایەی حکومەتی تورکیادا پارێزگاری کاتیان بۆ کراوە، تا ئەمڕۆ گەیشتووەتە ٣ ملیۆن و ٦٦٤ هەزار و ٨٧٣ کەس.

سۆیلۆ ئاشکرایکرد، لە ساڵی ٢٠١٩دا  ١٠٣ هەزار و ٥٨٥ کۆچبەری نایاسایی دەرکراون، لە کاتێکدا ژمارەکە لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتووەتە ٤١ هەزار و ٣٧٩ کەس، ئاماژەی بەوەشکرد تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەیان گەیشتووە ٩ هەزار و ٣٦٩ کەس.

وەزیری ناوخۆیی تورکیا ڕوونیکردەوە، تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانی جیهان کە پێشوازی لە زۆرترین پەنابەر و کۆچبەر کردووە، چونکە وڵاتانی دەوروبەری شەڕ و ناکۆکی تیا بەڕێوە دەچێت.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وەزیری ناوخۆیی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، جیهان ڕووبەڕووی قەیرانی گەورەی کۆچکردن بووەتەوە، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١١وە قەیرانەکە گەورە ترە بووە، چونکە کۆچکردن تەنها لە سوریاوە نەبووە بەڵکو لە ئەفریقا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و ئەمریکای باشورەوە زیاتر بووە.