کاوە محەمەد: هیچ لایەنێک پابەندی یاساکە نابێت

31/03/2021
فۆتۆ: 

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە بۆ ئەوەیە هیچ لایەنێک پابەندی یاساکە نەبێت و کێشەی خەڵک چارەسەر نەکات.

کاوە محەمەد، ئەندامی په‌رله‌مانى نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوەی کە دەنگی لەسەر دراوە پێشنیازی وەزارەتی دارایی بوە و دەقە ئەسڵیەکە نیە، پارتی و یەکێتیش دەنگیان پێداوە.

وتیشی، ئێمە شەڕمان لەسەر ئەوە کردوە کە هەر بڕە پارەیەک کە لە بەغداوە دێت بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت موچەی موچەخۆران بێت و هاوکات لیستی موچەخۆرانی هەرێم بۆ حکومەتی ناوەند بنێردرێت، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو ئەساسە پارە بنێردرێت.

بەپێی وتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمان، ئەوەی کە دەنگی لەسەر دراوە بۆ  ئەوەیە کە هیچ لایەنێک پابەندی یاساکە نەبێت و کێشەی خەڵک چارەسەرناکات، بەو پێیە نەحکومەتی ناوەند پارە دەنێرێت نە هەرێمیش نەوت ڕادەست دەکات.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی سەر لە ئێوارەی ئەمرۆی خۆیدا مادەی ١١ و ١٢ی تایبەت بە بەشە بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی پەسەند کرد.

لە مادەی ١١ی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١ لە بڕگەی یەکدا ئاماژە کراوە بەوەی، دۆسیەی دارایی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٢٠، دوای ئەوەی دیوای چاودێری دارایی فیدراڵی بە ھەماھەنگی لەگەل دیوانی چاودێری دارایی هەریم وردینی تیا دەکەن بە مەبەستی دەرکەوتنی حساباتی کۆتایی.