گوناه و تارمایی

01/04/2021
فۆتۆ: 

"بەشێک لە خوێندنەوەیەک بۆ پەیوەندی ساختومان و مرۆڤ"

فاروق هۆمەر

لەهەر شوێنێک کە گوناهەکان سەر دەکەن و لە سنووری سروشتی خۆیان دەچنە دەرەوە، ئیدی شوێنەکان پڕ دەبن لە تارمایی ئەوانەی کە بێدەسەڵاتن و ئەوان لە شێوەیێکی دیدا دێنەوە بەردەمان و ژیانمان لێ تاڵ دەکەن.

رەنگە بیرکردنەوەیێکی لەو جۆرە لەرووی زانستییەوە سازگار نەبێ و بچێتە چوارچێوەی پووچخوازییەوە و مێشکێکی سادە بۆی نەکرێ لەگەڵی بسازێ و بچێتە ژێرییەوە، بەڵام بوونیشی رەتکراوە نییە.

لەم هەنوکەیەدا کە ئێمە لە ڕۆژگاری بەناو ئازادییدا دەژین، گوناهەکان بە جۆرێکن کە چرکە بە چرکە بەناو ژیانماندا رۆدەچن و درێژ دەبنەوە. ئەو دونیا کوردییە مرۆڤانێک بە خوێن و ئارەقە و ماندووبوون بەبەرهەمیان هێنا کە هێشتا نەوەکانیان لەنزیکمانە لێمان دەڕوانن و لە ئاست ئەو رەنجەدا بەیێکی دەگرن و خەمگین ماون.

رۆژانە شەقام و کۆڵانەکان پڕی مرۆڤانی برسی و رەشوڕووتن و زۆرێک لە هاوارەکانیان ناگەنە گوێکان و بەدەم حەسرەتەوە سەر دەنێنەوە.

من و تۆ لە دونیایێک دەژین لەسەر زوڵمی گەورە بنیاد نراوە، ئایا پێت وایە حەسرەتی ئەو هەموو زوڵمە هەر وا سادە دەڕوات و گۆڕەکان هەموویان بە خامۆشی دەشارێتەوە.

ئەمڕۆ هەموو کونوقوژبنی جیهان پڕی ئەو تارماییانەن کە بە گوناه کوژراون و مافیان پێشلکراوە و لێرەولەوێ بە جۆری جیاواز دەگەڕێنەوە و بوونیان نەبان و شاراوە نین و هەستپێکراون.

ئەو کۆشک و تەلارانە، ساختومان و ماڵە سادانەی ناو شارە گەورەکانی دونیا زۆرن کە خاڵی نین لە ترس و بیمی ئەو تارماییانەی کە رۆژێک لە رۆژان بێگوناه کوژراون لە پاڵمانەوە دەژین و ناوە ناوە بەجۆری جیاواز دەردەکەون و خێراش دەشارێنەوە.

من خەون نابینم و حیکایەتیشت بۆ ناگێڕمەوە، لە هەر شوێنێک تاوانێک روو دەدات چ بچوک چ گەورە، لە شوێنک زوڵم بەری پێناگیرێ و تەشەنە دەکات، ئەو تارماییانەش تەشەنە دەکەن و روون و ئاشکرا دەردەکەون و دەبینرێن.

ئەو تارماییانە بە جۆرێکن ئەگەر لە ئیستاشدا ئاوڕێک بە ئێمە نەدەنەوە، ئەوا رۆژگارێک دێ ژیان لە هەمووان تاڵدەکەن. من بۆ خۆم کاتێک بەناو گوندەکانی کوردستاندا گەڕاوم خەڵکانێکم دیتووە کە لەژێر درەختێک، لەپاڵ کانییەک، کێوێکدا ژنێکی خنکێنراو، پێشمەرگەیێکی بەناهەق کوژراویان دیتووە گەڕاوەتەوە و زوو زوو دەرکەوتۆتەوە. ئەو ئاماژەیێکی بۆ جێگەیێک بۆ کردووم و بەزمانی سادەی خۆی سوێندی بۆ خواردووم کە بە هەردوو چاوەکانی خۆی لەوێدا دەیبینێ.

ئەمڕۆ کوردستان چەندێک پڕی مرۆڤانی زیندووە، ئەوەندەش تارمایی مرۆڤانێکیشی لێن کە بەدەم برین و ئازارەوە لەپاڵمانەوە دێن و دەڕۆن. ئەو تارماییانە چەندێک بێدەنگبن، خامۆشبن و چ نەڵێن، هەروا نامێننەوە و رۆژێک دێ دەنگ هەڵدەبڕن و بەجۆری جیاواز دێنە گۆ. رۆژێک دێ و لە شوێنێکەوە کەسێک زلڵەیێک لە پەنا گوێت دەسرەوێنێ، شەقێکت تێ هەڵدەدات، پاڵێکت پێوە دەنێ و کاتێک ئاوڕ دەدەیتەوە کەسێک لەوێ نییە و نابینرێ.

ئەگەر لە رابردوودا گوناهەکان لە دەرەوەی ساختومان روویان دابێ و زۆرینەی تاوانلێکراوەکان لە شاخ و دەشت و چۆڵ مابن و ئەوان بگەڕێنەوە ئەوێ، ئەوا لە ئیستادا ئەوان لەناو ماڵ و دادگا و زیندان و کۆشکەکان دەچەوسێنرێنەوە و هەر بۆ ئەوێش دەگەڕێنەوە و ساختومان ئەو شوێنەیە کە رووی تێدەکەنەوە.

رۆژێک دێ دەیان و سەدان خانو و خانۆچکە و کۆشک و تەلار پڕ دەبن لەو تارماییانەی کە لە ئیستادا ئەوانی لێن خامۆشن و لەدواجاردا پڕیان دەبێ لە قیژە و بە خامۆشی نامێننەوە.

کوشتنی دەیان کیژۆڵانی بێتاوان، برسیکردنی سەدان منداڵ و پیری بەستەزمان، بەدەنگەوەنەچوونی هەزاران نەخۆش و دەردەداری بێ داڵدە کارێک نییە رۆژگار بتوانێ هەروا سادە و ساکار بیانشارێتەوە.

بوونی تارماییەکان لای زۆرێکمان وەک خەیاڵی ئەدەبی و ئەندێشەی هونەری تەماشا دەکرێن، بەڵام ئەمڕۆ لە جیهاندا ئەو هەقیقەتانە بەژێر لێوەوە دەکرێن و دەشارێنەوە کە سەدان و هەزاران جێگە هەن وەک کۆشکی سپی و ساختومانەکانی دادگا و کوچە و کۆڵانەکانی ئەو شارانەی کە لەرابردوودا بە ئاگر و ئاسن داگیرکراون پڕی تارمایین و هێشتا ئەوان بەدەم ئازارەوە بەردەوام دەگەڕێنەوە و ناهێڵن مرۆڤە زیندووەکان بەئارامییەوە بژین.

تێرامانی من لەو بزاوتەی ئێمەی تێدا دەژین، ئەو تارماییانەن کە تا ئیستا کەسێک بوێری ئەوە ناکات دەنگیان بێنێتە دەرەوە و پەردەیێک لەسەر هاواریان لابدات. دەنا هیچ شوێنی بڕوا نییە لە ئیستادا شارێکی وەک هەڵەبجە پڕی نەبێ لە هەزاران تارمایی و کوچەیێک هەبێ خاڵی لەوان.