کازمی: رێگەنادەین لە خاکی عێراقەوە هێرش بکرێتەسەر سعودیە
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، رێگە بە هیچ گروپ و لایەنێک نادەن لە خاکی عێراقەوە هێرش بکەنەسەر سعودیە.
لە میانی سەردانەکەی بۆ سعودیە و کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان جێشنشینی سعودیە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "هەرگیز رێگەنادەین لە خاکی وڵاتەکەمانەوە هێرش بکرێتەسەر سعودیە".
سەبارەت بە هێرشێکی پوچەڵکراوە لە کانونی دووەمی ئەمساڵ بۆ سەر کۆشکی شا سەلمان، مستەفا کازمی رایگەیاند، ئەو راپۆرتانەی ئاماژە بەوەدەکەن کە هێرشەکە لە عێراقەوە ئەنجام دراوە، دوورن لە راستییەوە.
وتیشی، "رێگە بە هیچ گروپ و لایەنێک نادەین لەناو خاکی عێراقەوە هێرش بکەنەسەر سعودیە و سەرچاوەی ئەو هێرشەش عێراق نەبووە".
سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاند، "هەوڵێک هەیە کە کێشە بۆ پەیوەندییەکانی ئێمە و سعودیە دروست بکات"، بەڵام کازمی هیچ زانیارییەکی دیکەی لەوبارەیەوە ئاشکرانەکرد.
لە کانونی دووەمی ئەمساڵدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشی کردەسەر کۆشکی شا سەلمان پاشای سعودیە، بەڵام هێرشەکە لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتەوە پوچەڵکرایەوە.
دواتر میدیاکانی ئەمریکا لەزاری بەرپرسانی سعودیە بڵاویانکردەوە کە هێرشەکە لە خاکی عێراقەوە ئەنجام دراوە.
|