ئێران مەرج بۆ ئەمریکا دادەنێت

02/04/2021
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ، کۆبونەوەی نێوان وڵاتانی پێنج کۆ یەک لەگەڵ ئێران بەرێوەدەچێت، ئێرانیش بەپێویستی دەزانێت ئەمریکا گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەی لاببات.

یەکێتیی ئەوروپا لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ، کۆبونەوەی نێوان وڵاتانی پێنج کۆ یەک لەگەڵ ئێران بەرێوەدەچێت و ئەنریک مۆرا بە نوێنەرایەتیی جۆزڤ بۆرێل، سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکە دەکات.

نوێنەرانی هەریەک لە بەریتانیا، فەرەنسا، روسیا، چین و ئەڵمانیا بەشێوەی ئۆنلاین لەگەڵ ئێران کۆبونەوەیەک ئەنجام بدەن.

پابەندبوونی سەرجەم لایەنەکان بە رێککەوتنەکەوە و گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ ناو رێککەوتنامەی ئەتۆمیەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک، تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکەن. 

حکومەتی ئێرانیش لە بەرامبەردا بەپێویستی دەزانێت کە ئەمریکا لە یەکەم هەنگاوییدا، سەرجەم گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتەکەی ھەڵبگرێت.