نیگارکێشێک پۆرترێتی نیگارکێشێکی دیکە دەکێشێت

03/04/2021
فۆتۆ: 

(ئیسماعیل خەیات) لەلایەن (ڕۆستەم ئاغالە)ەوە

لەگەڵ ئەوەی هونەرمەندی کورد (ئیسماعیل خەیات) لە ئێستادا باری تەندروستی نالەبارە و دوورە لە دۆستان و هونەرمەدانی هاوڕێی، بەڵام ئەوان بەردەوام بە ڕێگای جیاواز هەستی خۆیان بۆ ئەو هونەرمەندە دەردەبڕن و لە پەیامەکانیاندا هیوای زوو باش بوون و ئاسایی بوونەوەی بۆ دەخوازن.

لە نوێترین ئەو پەیامانەی ئاڕاستەی ئەو هونەرمەندە کراون، کە هاودەم پۆرترێتێکیشی لەگەڵدا وەشاندووە، هونەرمەندی نیگارکێش (ڕۆستەم ئاغالە) نووسیوویەتی: هیوای چاکبوونەوە دەخوازین بۆ شێوەکاری گەورەی کورد، ئەو پۆرترێتە لە هاوینەهەواری دوکان کێشاومە لە ۲٠٠٧ مامۆستا وەک مۆدێل دانیشتبوو، کەنالی سۆمەریە پرۆگرامیکی دەربارەمان سازدەکرد.

شایەنی ئاماژەیە ماوەی چەند مانگێکە هونەرمەندی شێوەکاری کورد (ئیسماحیل خەیات) بە هۆی دۆخێکی نەخوازراوەوە زیان بە ئێسکی گەیشتووە و لە ئاکامدا توانای هاتنەدەرەوەی نییە و لە ماڵەوە دەمێنێتەوە.

وێنەکە پۆرترێتی هونەرمەندی کورد (ئیسماعیل خەیات)ە لەلایەن هونەرمەند (ڕۆستەم ئاغالە)وە کێشراوە.