لە ستایشی کتێبدا
مەریوان هەڵەبجەیی
" نرخی کتێبێک ئەو نرخە نییە، کە لە بری دەیدەین" مۆنتیسکیو
"لە بری ئەوەی چەندین کتێب بخوێنیتەوە، چەندین جارکتێبە باشەکان بخوێنەرەوە "
سنکا
تۆ لە شەوێکدا ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە، من بە نوسینییەوە سەرم سپی کردووە "
سونە
لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا، کاتێک یەکێک لە دیارترین نووسەرانی وڵات بەرهەمێکی نوێ بڵاودەکاتەوە، دەبێتە ڕووداو و زۆر لەپێش بڵاوبوونەوەیەوە زۆربەی میدیا و ئاژانسەکانەکان هەواڵی لەبارەوە سازدەکەن و بایەخێکی زۆری پێدەدەن. لەوڵاتێکی وەک ئێراندا بڵاوبوونەوەی کتێبێکی نوێی ئەحمەد شاملو( تا لە ژیاندا بوو، پاش مەرگیشی) گفتوگۆ و باسێکی زۆری لەسەر ئاستی میدیا و فەزای ڕووناکبیریدا بەدوای خۆیدا دەهێنا و بڵاوکراوەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات بایەخێکی زۆریان پێدەدا، دەبووە جێگای سەرنجی هەمووان. هەمان شت بۆ هوشەنگ گوڵشیری و نووسەرانی گەورەی تر دەکرا و دەشکرێت. بەشێوەیەکی گشتی هەموو نەتەوەکان ڕێزێکی زۆر و بایەخی تایبەت بۆ نوخبەکانیان و بەرهەمەکانیان دادەنێن و شانازییان پێوە دەکەن. بەداخەوە لەناو ئێمەی کورددا هەرگیز بەو شێوەیە نەبووە و زیاتر پێچەوانەکەیمان بینیوە. مەگەر تەنیا لەپاش مەرگی داهێنەرەکە ستایش کرابێت، وەک ئەو قەولە باوەی کە دەڵێت "نووسەری باش ئەوکەسەیە کە مردووە ".
لە مەولانا خالیدی شارەزووری و گۆرانەوە تا ئێستا، بەردەوام بەشێکی زۆر لە نوخبەی کورد بەتایبەت لە باشووری کوردستاندا نەحەساونەتەوە و دەربەدەربوون و دژایەتی کراون. لەپاش ڕاپەڕینەوە کۆچی نوخبەی کورد زیاتر دەبێت و زۆرتر لەساڵانی پێشوو دەکەونە ژێر گوشاری هەمەجۆرە و ژیانی تاراوگە هەڵدەبژێرن .
لەدایکبوونی باشترین ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی لە تاراوگە (ناوەندی ڕەهەند، بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی)، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە. بەداخەوە لە سەرەتای دەستپێکی پڕۆژەکەوە، هەردوو حیزبە گەورەکەی کەوتنە دژایەتی پرۆژەکە و لەسەر ئاستی باشوور و ڕۆژهەڵات و ئەوروپاش خەڵکانێکیان ڕاسپارد، تا دژایەتی ئە و پرۆژەیە بکەن و پارەیەکی زۆریان بۆ ئەو مەبەستە خەرجکرد. ئەو کولتوورەی کە لەناو کورددا مێژوویەکی کۆنی هەیە، لەپاش ڕاپەڕین حزبی کوردی گەشەی پێدا و تۆختری کردەوە. تا ئەم ساتەش و لەناو نەوەی نوێشدا کەسانێک هەن بەهەمان ئاراستە کاردەکەن و بەردەوامن لە دژایەتیکردنی داهێنەرە گەورەکانمان. لەم ڕۆژانەدا دواین بەرهەمی بەختیار عەلی ( بۆدۆزەخ، ئەی بێگوناهان) لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندەوە بڵاوکرایەوە و چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد لەدایکبوونی شانۆنامەیەک، لە ژانرێکی زۆرتایبەت و گرنگدا کە کورد زۆرهەژارە تیایدا، ببێتە ڕووداوێکی گرنگی کولتووری و هەمووان بە گرنگی و شادییەوە باسی بکەن و تاسەی بکەن، بەداخەوە ئەوەی بینیمان زیاتر پەراوێزێکی بێمانا بوو لە دەرەوە و دوور لە گرنگی بەرهەمەکە، بیانویەکی پوچ بوو بۆ هێرشکردنە سەر نووسەرەکەی کە زۆرترین خزمەتی بە ئەدەبیاتی کوردی کردووە. لە ئێرانیشدا بەرهەمی نووسەرێکی گەورە و پڕخوێنەر جیاوازیی هەیە لەگەڵ نووسەری تردا، نرخی کتێبەکانیان یەکێک نیوە و ئەمەش شتێکی زۆر سرووشتییە. نازانم بۆ تاکی ئێمە پارە بە هەرشتێک بدات بەلایەوە گران نییە، بەڵام کتێبیان پێ گرانە. نرخی ئەو کتێبە پارەی دوو بیرەی باڕێک نییە. بیست و پێنج ساڵە لە ئێراندا دەژیم و بەردەوام جیاوازیی نرخی کتێب دەبینم، لە جیاوازی ناشرەوە بۆ جیاوازی نووسەرو وەرگێڕ، کوالێتی جیاواز هەیە و نرخی جیاواز هەیە، لە هەر وڵاتێکدا کۆمەڵێک نووسەری زۆر هەن، هێندە خراپ دەنووسن پارەش بدەن خوێنەر نایان خوێنێننەوە، نووسینیان هیچ شتێکی نوێ ئیزافە ناکات بۆ سەرئەو کولتوورە، بۆ دەبێت ئەم چەشنە لە نووسەر لە وەهمی ئەوەدا بژین کارێکی گەورەیان کردووە و پێویستە بخوێندرێنەوە. دوو جۆر نووسەرمان هەیە، گرووپێکیان ئەوانەن دە ساڵ جارێک کتێبێک دەنووسن و هیچ شتێکی نوێ پێشکەش ناکەن، گروپی دووەمیان بە ڕەتڵ کتێب چاپ دەکەن و کۆڵەوارترن لە هاوڕێ کەمکارەکانیان و تەنیا زیان لە ژینگە دەدەن. لە ساڵی ڕابردوودا باشترین کتێبێکیی کوردی کە خوێندبێتمەوە، ڕۆمانی (داگیرکردنی تاریکی) بوو، لەم ساڵیشدا، شانۆنامەی (بۆدۆزەخ، ئەی بێگوناهان). بەختیارعەلی سەرمایەی نەتەوەیی و فەرهەنگی کوردە و پێویستە دڵخۆشبین و شانازی بەوەوە بکەین لەسەردەمێکدا دەژین ئەو تێیدا دەنووسێت و بەرهەمەکانی دەخوێنینەوە. لە دە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە سەت کۆڕم لە تاران، شیراز، ئەسفەهان، مەشهەد، تەبریز، سنە، کرماشان، شەهرکورد، نەجەف ئاباد، ئابادان، دیزفول، ئەندیمەشک، ڕەشت، لەنگەرود، بابول، نیشابور، ئەهواز، بابولسەر، هەمەدان، کەرەج و دەیان شاری تری ئێران لە بارەی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرەوە هەبووە و هەزاران خوێنەر و نووسەر و ڕەخنەگر و ڕۆژنامەنووسی کردووەتە عاشق و خۆشەویستی زمان و ئەدەبیاتی کوردی و لە ئێراندا زیاتر لە نۆبڵیستە جیهانییەکان خوێندراوەتەوە و دەخوێندرێتەوەو زۆرخۆشەویستە لەناو فەرهەنگدۆستانی ئەو وڵاتەدا. پێویستە چۆن عەرەبەکان مەحمود دەروێش و ئێرانییەکان ئەحمەد شاملویان خۆشدەوێت ئێمەی کوردیش (بەختیارعەلی)مان خۆشبوێت، وەک سەرمایەی گەورەی کورد تەماشای بکەین، نەک بەدوای بیاونودا بگەڕێین بۆئەوەی هێرش بکەینە سەری . بەختیار عەلی سەتان هەزار وشەی کوردی نووسیوە و دەیان شاکاری لە ئاستی دونیادا بۆ کورد بەرهەمهێناوە. وەک ئەوەی سیاسییە نەخوێندەوارەکان تەمەنێکە بەڕێگای جۆراوجۆر و جیاواز دژایەتی دەکەن، حەق نییە خوێنەران و عاشقانی وشە ڕێگا بدەن هەرکەس بتوانێت بێڕێزی بەم سەرمایە نەتەوە ییەمان بکات. بەختیارعەلیی کورد هیچی کەمتر نییە لە مەحمود دەروێش و ئەحمەد شاملو. هیچ هێزێکیش ناتوانێت گەورەیی و هێزی داهێنان بشارێتەوە و داهێنەران بێدەنگ بکات. توانای جوانی لەسەرووی هەموو توانایەکەوەیە. دونیا ڕێز لە داهێنەرەکانمان دەگرێت با خۆشمان ڕێزیان لێبگرین، توڕەیی خۆتان بە وانە بڕێژن دونیایەکی هاوشێوەی شانۆنامەکەیان بۆ درووست کردوون، دونیایەک کە مستەفاکان و جەمیلەکان زیندان دەکەن و بەزۆر دانپێدانانیان لێوەردەگرن و ناچاریان دەکەن دان بەشتێکدا بنێن کە نەیان کردووە.
|