کازمی: عێراق سورە لەسەر بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتان

03/04/2021
فۆتۆ: 

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق سورە لەسەر بنیاتنانی پەیوەندی و هاریکاری هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتان و دوور لە سیاسەتی دروستکردنی ئاڵۆزی و خۆساغکردنەوە بەسەر تەوەرێکدا.

نوسینگەی مستەفا کازمی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سەرۆک وەزیران بە تەلەفۆن لە لایەن ئیمانۆیل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنساوە بە تەلەفۆن پەیوەندیی پێوە کراوە، پێکەو گفتوگۆیانکردووە دەربارەی پەیوەندییە هاوبەشەکانی تیوان عێراق و فەرەنسا لە ڕووی سیاسی و ئابوری کلتوریییەوە.

هەروەها جەختکراوەتەوە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەسەرجەم بوارەکانی دیکە، بەشێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو گەلی عێراقی و فەرەنسی بکات.

نوسینگەی کازمی ئاماژەی بەوەشکرد، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و ماکرۆن، گفتوگۆ کراوە دەربارەی دۆخی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و ڕێگەچارەکانی  بەهێزکردنی ئارامی.

بە گویرەی بەیاننامەکە کازمی جەختیکردووەتەوە لەوەی عیراق سوورە لەسەر بنیاتنانی پەیوەندیی و هاریکاری هاوبەش لەگەڵ سەرجەم هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، دوور لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئاڵۆزکردن و خۆساغکردنەوە بەسەر تەوەرەیەکی دیاریکراودا.

وەک لە بەیاننامەکەی نوسینگەی کازمی ئاماژەی پێکراوە، سەرۆکی فەرەنسا ستایشی هەڵوێستەکانی عێراقی کردووە لەو ڕووەوە کە لە بەرژەوەندی جێگیرکردنی ئاسایشی و ئارامی نێودەوڵەتییە، جەختیشیکردەوە لە خواستی وڵاتەکەی بۆ  پشتیوانیکردن لە عێراق، بە تایبەت فراوانکردنی هاریکاری کۆمپانیا فەڕەنسییەکان بۆ وەبەرهێنان لە عێراق لەسەرجەم کەرتە جیاجیاکاندا.

ڕۆژی ١/9/2020 ئیمانۆیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، لە یەکەم ویستگەی سەردانەکەی سەردانی لوبنانی کرد، دواتر لە ڕۆژی 2/9/2020 سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری عێراق کۆبۆوە، دواتریش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ ماکرۆن کۆبۆوە.

سەرۆکی فەڕەنسا  لە دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لێپرسراوە باڵاکانی عێراق، جەختیکردەوە لە دووبارە بوژاندنەوەی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و پاریس لەسەرجەم بوارەکاندا.

بە درێژایی چەند دەیەیەک فەرەنسا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی ئەوروپا، پەیوەندییەکی پتەوی هەبووە لەگەڵ عێراق، لە بواری سیاسی و ئابوری و کلتوریدا.