سعودیە: ئامادەین دانیشتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا ئەنجام بدەین

03/04/2021
فۆتۆ: 

شازادە فەیسەڵ فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە ڕایگەیاند، هەلی ئەوە هەیە کە گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان ئێران و سعودیە دەستپێبکات، ئەگەری ئەوەش هەیە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا تا ئاستی هاوبەشی گەشە بکات.

وەزیری دەرەوەی سعودیە لە دیدارێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی (CNN )ی ئەمریکا ڕایگەیاند، بڕوای تەواوی بەوە هەیە کە پێویستە سعودیە بەشداری بکات لە هەر گفتوگۆیەکی داهاتوو سەبارەت بە داهاتووی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێراندا.

جەختیشیکردەوە، سعودیە و ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، لەو وڵاتانەن کە زۆرترین مەترسییان لەسەر دەبێت، ئەگەر تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی ، بۆیە مافی خۆیان ڕۆڵیان هەبێت لەو گفتوگۆ و ڕاوێژکردنانەدا.

وەزیری دەرەوەی سعودیە ئاماژەی بەوەشکرد، گوێ لە هاوبەشە ئەوروپی و ئەمریکییەکانیان دەگرن، ئەوا تێگەیشتنیان هەیە بۆ پێویستی مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە، بۆیە پێویستە ڕۆڵیان هەبێت لە هەر گفتوگۆیەک لەوبارەیەوە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی سعودیە جەختیکردەوە، پێشتر ئێران چەندین جار باسی لە بایەخی گفتوگۆی هەرێمایەتی کردووە لەگەل هاوسێکانی سەبارەت بە ئاسایشی هەرێمایەتی، بۆیە وەزیری دەرەوەی سعودیە پرسیاری ئەوەی کردووە (ئاسایشی هەرێمایەتی چییە کە ئەگەر بایەتێکی وەک دۆسیەی ئەتۆمی نەبێت؟).

وەزیری دەرەوەی سعودنیە ڕوونیکردەوە، ئەگەر ئێران دەیەوێت گفتوگۆ دەستپێبکات لەگەڵیاندا ئەوا کارێکی باشە، بەڵام پێیان وایە دەبێت ئەو گفتوگۆیان لە چوارچێوەی ڕاوێژ و بیروڕاگۆڕینەوەدا بێت سەبارەت بە نەخشەی کاری گشتگیر و هاوبەش، بە تایبەت پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران، چونکە ئەو هەنگاوە هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانیان بەڕادەیەکی گەورە.

لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی سعودیە دەرباریە پرسیاری ئەوەی کە دەکرێت تاران و ریاز لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ دابنیشن؟ وەزیری دەرەوەی سعودیە وتی "لەو بڕوایەدام ئەو بابەتە بە تەواوی واقیعییە".

ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت ئێران دەستهەڵبگرێت لەو چالاکیانەی کە بووەتە مایەی دروستکردنی نارامی و ئاڵۆزی لە ناوچەکە و هەڵسوکەوتە دوژمنکارانەکانی، ئەگەر تاران ئەو هەنگاوە بنێت ئەوا دەرگاکانی لێکنزیکبوونەوە دەکرێتەوە، بە بێ چارەسەرکردنی ئەو مەترسی و هەڕەشانە ئەوە ناتوانرێت هیچ نزیکبوونەوەیەک بێتە ئاراوە.