بەهۆی کۆرۆناوە لێپرسراوێکی باڵای کۆریای باکور لە سێدارە درا

03/04/2021
فۆتۆ: 

بە تۆمەتی پێشێلکردنی رێوشوێنەکانی کۆرۆنا، کە لە لایەن سەرۆکی کۆریای باکورەوە بڕیاریان لێدراوە، بە فەرمانی سەرۆکی ئەو وڵاتە بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە لە سێدارە درا.

ڕادیۆی (ئاسیای ئازاد) بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی کۆریای باکور، سەرۆکی حزبی کۆمۆنیستی دەسەڵاتداریان لە هەرێمی (ئۆیجۆ) لە سێدارەداوە، هۆکارەکەشی یاخیبوون بووە لە فەرمانی لێپرسراوانی باڵا، کە بەهۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆناوە سەپێنراوە.

سەرباری ئەوەی حکومەتی پیۆنگ گیانگ، چەندین جار ڕایگەیاندووە، تا ئێستا لە کۆریای باکور ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار نەکراوە، بەڵام دەوڵەت ڕێوشوێنی قورسی گرتووەتە بەر بۆ ڕووبەڕووبوونەویە ڤایرۆسەکە، بە ڕاگەیاندنی کەرەنتینەی نیمچە گشتییەوە.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە بە فەرمانی کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور، حکومەت ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی گۆڕی و کەرەنتینەی کتوپڕی ڕاگەیاند.

هاوکات لەگەڵ ئەو ڕێوشوێنانەدا، دەسەڵاتداران ناوەندی تەندروستی تایبەتیان بۆ چارەسەرکردن و کەرەنتین کردن بۆ ئەو کەسانە تەرخانکردووە، کە گومانی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لێ دەکرێت.

ڕۆژنامەی (ئێکس پرێس)ی بەریتانی بڵاویکردەوە، گوێ پێنەدانی هەندێک لە دانیشتوان بە فەرمان و ڕێنماییەکان، دەسەڵاتداران تیمی لێکۆڵێنەوەیان بۆ هەندێک ناوچە ناردووە، بۆ لێکۆڵێنەوە لە پێشێلکارییەکان.

بەگوتەی ڕۆژنامەکە کە لە سەرچاوەی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، ئاماژە بەوە دەکات، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سزا بەسەر ژمارەیەک لە هاوڵاتیاندا سەپێنراوە و بەرپرسێکی باڵاش لە سێدارە دراوە.

بە گوێرەی هەواڵ ئەو لێپرسراوەی کە لە سێدارە دراوە، فەرمانیکردووە بە کەمکردنەوەی فشار لەسەر ناوەندە تەندروستییەکانی ناوچەکە، بەڵام تیمی لێکۆڵینەوە بۆسەرووی خۆیان نووسیوە،ە دامەزراوە پزیشکییەکانی ناوچەکە بەشێوەیەکی گونجاو کارناکەن.