ئەمریکا و سعودیە و میسر پشتیوانیان بۆ شا عەبدوڵای ئوردن دەربڕی

03/04/2021
فۆتۆ: 

هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و میسر و سعودیە پشیتوانی خۆیان بۆ دەسەڵاتدارانی ئوردن دووپاتکردەوە، لە هەر مەترسییەک کە رووبەڕووی وڵاتەکەی ببێتەوە.

لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، شا عەبدوڵای دووەمی پادشای ئوردن، هاوبەشێکی سەرەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و پشتیوانی تەواوەتی واشنتۆنی بۆ دووپاتکردەوە.

لە لایەکی ترەوە سەرۆکایەتی میسر لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانی تەواوی وڵاتەکەی  بۆ سەرکردایەتی شا  عەبدوڵای پادشای ئوردن دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، ئاسایشی ئوردن بەشێکە لە ئاسایشی میس و وڵاتانی عەرەبی.

هەر لەو چوارچێوەیەدا دیوای شاهانەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پشتیوانی بڕیار و هەڵوێستەکەی شا عەبدوڵای پادشای ئوردن دەکات، بۆ پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتەکەی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سعودیە بە هەموو توانایەکییەوە پشتیوانی لە شا عەبدوڵا و شازادە حوسین عەبدوڵا، جێنشینی پادشای ئەو وڵاتە دەکات، بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە وڵاتەدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دەسەڵاتدارای هەواڵگری ئوردن زیاتر لە ٢٠ کەسیان دەستگیر کردووە، بە گومانی تێوەگلان لە هەوڵی کودەتایەک لەو وڵاتەدا.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەزاری چەند لێپرسراوێکی کۆشکی شاهانەی ئوردنەوە بڵاویکردەوە، پیلانێکی ئاڵۆز و فراوان لە ئارادابووە، بەلای کەمەوە لێپرسراوێکی خێزانی شاهانە تێوەگلاوە تیایدا، ئەوە سەرباری ژمارەیەک لەسەرۆک هۆز و چەند لێپرسراوێکی دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە.