تاران: هیچ جۆرە دانوستانێکی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئەمریکا نییە

04/04/2021
عەباس عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران
فۆتۆ: ئەرشیڤ

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە، وڵاتەکەی دەستی بە دانوستان کردبێت لەگەڵ ئەمریکا بۆ بوژاندنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی.

پێش سەردانەکەی بۆ ڤیەننا عەباس عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "هیچ جۆرە دانوستانێکی راستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئەمریکا نییە".

وتیشی، "گفتوگۆکانمان لەگەڵ وڵاتانی 4+1 لە ڤیەننا بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکانە، ئەو بڕیارانەی کە پێویستە ئەمریکییەکان سەرەتا ئەنجامی بدەن و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، کە هیچ پێشنیازێکی "هەنگاو بە هەنگاو"یان لەگەڵ ئەمریکا نییە و ئەو جۆرە پێشنیازانەش قبوڵ ناکەن.

بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئەندام لە رێککەوتنی ئەتۆمی، بڕیارە ئەمڕۆ عەباس عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ڤیەننای پایتەختی نەمسا بکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاندبوو، گفتۆگۆکان بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی قۆناغی باشی بڕیوە و لایەنەکان ئەو قۆناغەیان تێپەڕاندووە کە چ کەسێک دەبێت هەنگاوی یەکەم بهاوێژێت و ئێستا چوونەتە قۆناغی تەکنیکییەوە.

ئاشکراشیکردبوو کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەرێگەی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە و لەچوارچێوەی سیاسیی و یاسایی رێککەوتنەکە کۆبوونەتەوە و لەوبارەیەوە هەنگاوی باشیان بڕیوە.

لەپێناو سوککردنی گەمارۆکانی سەر ئێران و کۆنتڕۆڵکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە، ساڵی ٢٠١٥، رێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان تاران و وڵاتانی 5+1 ئیمزا کرا، بەڵام رۆژی سێشەممە ٨ی٥ی٢٠١٨، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە بڕیارێک کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنەکە و گەڕاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێرانی راگەیاند .

بەهاتنە سەرکاری جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیواکان بۆ گەڕانەوەی واشنتن بۆ رێککەوتنەوە و زیندوکردنەوەی زیاتر بوون، ئەگەرچی پێشتر بەرپرسانی ئێران چەندین جار رایانگەیاندووە کە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا لەوبارەیەوە رەتدەکەنەوە.