قژی مۆمیای شازادە تی بۆتە جێی سەرنجی میدیا جیهانییەکان

04/04/2021
فۆتۆ: 

دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی مۆمیای شازادە "تی" لە کاتی گواستنەوەی مۆمیاکانی میسر لە مۆزەخانەی میسرەوە بۆ مۆزەخانەی شارستانی لەو وڵاتە، قژی مۆمیای ئەو شازادەیە بۆتە باسی گەرمی میدیا عەرەبی و جیهانییەکان و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان.

موختار کەسبانی، پزیشک لە لیژنەی باڵای مۆزەخانەکانی میسر، بە سکای نیوس عەرەبی راگەیاندووە، مۆمیای شازادە "تی" بە شێوەیەکی ورد و پێشکەوتوو پارێزگاری لێکراوە ئەمەش وایکردووە قژی ئەو مۆمیایە بە شێوەیەکی جوان و سەرنجراکێش بمێنێتەوە.

وێنەی مۆمیاکە بۆتە جێی قسەی گاڵتە ئامێزی خەڵکی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک گلەیی لە میسرییەکان دەکەن کە لە کۆندا لەسەر ئەندازیاری و زانست نوسیویانە بەڵام چۆنییەتی گرنگیدان بە قژیان باس نەکردووە بۆمان.

مۆمیاکانی میسر بە یەکێک لە گرنگترین پاشماوەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێن کە گوزارشت لە شارستانی ئەو وڵاتە دەکەن، هەربۆیەش بە شێوەیەکی پێشکەوتوو و هەستیار پارێزگارییان لێدەکرێت.