وردەکاری دیدار و گفتوگۆی مستەفا کازمی لەگەڵ لێپرسراوانی ئیمارات

04/04/2021
فۆتۆ: 

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق وردەکاری دیداری نیوان مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و محەمەد بن زاید ئالنهەیان لە ئیمارات ئاشکرا کرد.

لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنێتی بەهێزکردن و هاریکاریکردنی لە زۆرێک لە بوارەکاندا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولا گفتوگۆیان کردووە دەربارەی دۆخی ناوچەکە و گەڕانەوەی عێراق بۆ ئەوەی ڕۆڵی تەوەرەیی خۆی بگێڕێت لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکەدا.

لە بەرامبەریشدا وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، محەمەد بن زاید ستایشی هەنگاوەکان ی حکومەتی عێراقی کرد لە گەشەپێدانی ئابوری و باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان.

هەروەها ستایشی ڕۆڵی عێراقی کردووە لە بەهێزکردنی  ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە و ئەو ڕێچکەیەی کە گرتوویەتییە بەر ، کە خۆی دەبینێتەوە لە سیاسەتی ئاسایکردنەوە و گفتوگۆ.

ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو کرد و لەگەڵ محەمەد بن زاید ئالنهەیان جێنیشینی ئەبوزەبی و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبۆوە.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەو جوڵانەی کە کازمی ئەنجامی دەدات بە ئاراستەی وڵاتانی  عەرەبی  بە گشتی و وڵاتانی کەنداو بە تایبەتی، بە ئامانجی گێرانەوەی ڕۆڵی عێراقە لەناو وڵاتانی کەنداو.