ئوردن بەشێک لە وردەکاری هەوڵی کودەتاکەی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد

04/04/2021
فۆتۆ: 

ئەیمەن سەفدی جێگری سەرۆک وەزیرانی ئوردن ڕایگەیاند، پاراستنی دۆخی ئەمنی و سیاسی ئوردن لە پێش هەموو کەسێک و شتێکەوەیەوە.

جێگری سەرۆک وەزیرانی ئوردن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پیلانانە پوچەڵکرانەوە کە دژی ئاسایش و ئارامی ناوخۆی ئوردن ئامادەکرابوو.

ڕوونیشیکردەوە، ماوەیەکی زۆر بووە لێکۆڵینەوە کراوە لەو جموجوڵە گوماناویانە، بۆیە دوێنێ دەزگا ئەمنییەکان گەیشتووەنەتە بڕیاری یەکلاکەرەوە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانە کە ویستوویانە زیان بە ئاسایش و ئارامی ئوردن بگەیەنن.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە چاودێری پەیوەندیی گوماناوی بکەن لەگەڵ دەرەوەدا، کە ئامانج لێی زیانگەیاندن بووە بە ئارامی ئوردن

سەفدی ئاشکرایکرد، دەزگا ئەمنییەکانی ئوردن کەسێکیان دەستگیرکردووە، سەر بە دەزگای ئەمنی بیانی بووە و ئەو کەسەش پەیوەندیی هەبووە بە خێزانی شازادە حەمزە بن حسین، کە فڕۆکەیەکیان بۆ ئامادە کراوە بۆ ئەوەی بە پەلە لە وڵات بچنە دەرەوە بەرەو وڵاتێکی بیانی.

حکومەتی ئوردن ئاماژەی بەوەشکردووە، تەواوی پلانەکە شکستی پێهێنراوە و لە ئێستادا دەزگا ئەمنییەکان لە قۆناغی لێکۆڵینەوەی چڕدان.

ئاشکرایشکردووە، هەموو ئەو کەسانەش دەستگیر کراون کە لە نزیک بوون لە شازادە حەمزە بن حسینەوە، ناوبراو داوای لێکراوە دەستبەرداری ئەو چالاکیانە بێت کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی وڵات دەگەیەنێت.

سەفدی ئاشکرایکرد، شازادە حەمزە ڕەتیکردووەتەوە، ملکەچی ڕاگرتنی چالاکییەکانی بێت و بەشێوەیەکی نەرێنی مامەڵەی لەگەڵ داوای دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان کردووە.

جێگری سەرۆک وەزیری ئوردن ئاشکرایکرد، تا ئێستا ١٤ بۆ ١٦ کەس دەستگیر کراون، بەڵام هیچ ئەفسەرێکی باڵای سوپا و ژەنەڕاڵیان تێدا نییە.

شەوی ڕابردوو دەزگای هەواڵگری ئوردن ، بە بیانووی هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و پێشووی زیان گەیاندن بە ئاسایش و ئارامی ئەو وڵاتە، هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی ئەنجامدا.

لەو ناو دەستگیرکراوەکاندا شازداە حەمزە بن حسین کوڕە گەورەی پادشا حسین و زڕبڕای شا عەبدوڵای دووەمی پادشای ئوردن هەیە.

شەوی ڕابردوو ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئوردن (حەمزە بن  حسێن ) جێنشینی پێشووی پادشای ئوردن و ٢٠ بەرپرسی دیکە دەستگیر کراون، کە گوایە هەوڵی کودەتایان داوە .

واشنتۆن پۆست لە زاری ژمارەیەک لێپرسراوی ئوردنەوە ئاشکرایکردووە، لەو دەستگیر کراوەکاندا کە هەوڵی کودەتاکەوە گلاون، ژمارەیەک سەرۆک هۆز و لێپرسراوی دەزگا ئەمنییەکانیشیان تێدایە.