لە بۆردومانێکدا 82 چەکداری تالیبان کوژران

04/04/2021
فۆتۆ: 

لە بۆردومانێکی ئاسمانی حکومەتی ئەفغانستان بۆ سەر چەکدارانی بزوتنەوەی تالیبان، ٨٢ چەکداری ئەو بزوتنەوەیە کوژران.

ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕوسی لە زاری جەما بارکزای وتەبێژی حکومەتی ویلایەتی قەندەهارەوە بڵاویکردەوە، بۆردومانەکە لە ویلایەتی قەندەهاری باشوری ئەفغانستان بووە، سەرەڕای کوژرانی ٨٢ چەکداری تالبیان دوو تانگی بزوتنەوەکەش تێکشکاون.

لە لایەکی ترەوە وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکان دژی تیرۆریستان لەچەند ناوچەیەکی وڵاتەکە درێژەیان هەیە، کە تا ئێستا بەهۆیانەوە زیاتر لە ١٠٠ چەکدار کوژراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوکات لەگەڵ ئۆپراسیۆنەکاندا هێزە ئەمنییەکان ٣٢ بۆمبی چێنراویشیان پوچەڵکردووەتەوە، کە لەلایەن چەکدارانی تالیبانەوە چێنرابوون.

سەرباری ئەوەی ماوەیەکە بە چاودێری دەوڵەتی قەتەر گفتوگۆی ئاشتی لە نێوان بزوتنەوەی تالیبان و حکومەتی ئەفغانستاندا بەڕێوە دەچێت، بەڵام ناوبەناو ئەو دوو لایەنە ناکۆکە هێرشی خوێنانی لەدژی یەکتر ئەنجام دەدەن، بەشێوەیەک خرەیکە کۆتایی بە هەوڵەکانی ئاشتی دەدەن.