محەمەد بن ڕاشید بۆ کازمی: پشت بەخوا عێراق دەگەڕێتەوە بۆ شارستانیەت

04/04/2021
فۆتۆ: 

محەمەد بن راشد ال مەکتووم سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی دوبەی لە دوای دیدارەکەی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق وەک وڵاتانی دیکە نییە، بەڵکو سەرەتای دەرکەوتنی شارستانیەتی مرۆڤایەتییە.

ئال مەکتووم لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە "ئەمڕۆ پێشوازیم کرد لە برام مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی دۆست، پێکەوە گفتوگۆمان کرد دەربارەی بنیتانانی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان هەردوو وڵاتدا".

محەمەد بن ڕاشد ئاماژەی بەوەشکردووە "عێراق وەک وڵاتانی دیکە نییە، بەڵکو سەرەتای سەرهەڵدانی شارستانیەتە، لە سەرەتاوە عێراق ولاتی شارستانیەتی بووە، پشت بەخوا دەگەڕێتەوە بۆ شارستانیەت، چونکە ماوەی ٧ هەزار ساڵە شارستانیەتی لێ ئاوا نەبووە".

ئەو وتانەی حاکمی دوبەی لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی ئیماراتی کرد و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە گفتوگۆیان کرد دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنێتی گەشەپێدانی.