ڤاکسینی ئەسترازینیکا سەلامەتە؟

04/04/2021
فۆتۆ: 



ڤاکسینی ئەسترازینیکا، ئەو ڤاکسینەى کە لە زۆرێک لە وڵاتان وەک تاکە هیوایەک بۆ رووبەرووبوونەوەى کۆرۆنا تەماشا دەکرێت بە هەرێمى کوردستانیشەوە.

بەڵام هەواڵەکانى ئەم رۆژانەى تایبەت بەم ڤاکسینە بەریتانییە، ترس و دڵەڕاوکێی دروستکردووە، ناوى ڤاکسینەکە پەیوەستکراوە بە مەیینى خوێنەوە.

لە بەریتانیا سەرەڕاى گیان لەدەستدانى 7 کەس کە بەکارهێنەری ڤاکسینی ئەسترازینکا بوون، بەڵام ئاژانسی چاودێریکردنی دەرمان و بەرهەمە پزیشکییەکانی بەریتانیا دەڵێت: ڤاکسینەکە سەلامەتە و ساردمەبنەوە لە بەکارهێنانى.

ئەم هەواڵانە لەبارەى ڤاکسینى ئەسترازینیکا لەکاتێکدایە، 43 هەزار و 800 دۆز لەم ڤاکسینە گەیشتووەتە هەرێمى کوردستان و پرۆسەى کوتان بۆ کارمەندانى تەندروستى دەستیپێکردووە و لە ئێستاشدا وەزارەتى تەندروستى لەرێى ئۆنلاینەوە خەریکى تۆمارکردنى ناوى ئەو کەسانەیە  کە پێویستە لە سەرەتادا ڤاکسینەکە وەربگرن.

ڤاکسینی ئەسترازینیکا دۆزراوەی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانییە و ئامانجی پاراستنە لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا ڤاکسینەکە لە وڵاتی بەریتانیا بە بەردەوامی بەکاردێت.

سەرەڕای تۆمارکردنی 30 حاڵەتی جەڵتەی نوێ لەو وڵاتە دوای ئەوەی پێشتریش پێنج حاڵەتی دیکە تۆمار کرابوو

هەر بۆ دڵنیایی وەرگرانی ئەو ڤاکسینە لە بەریتانیا و جیهاندا مانگى رابردوو بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە ئاشکرا ڤاکسینەکەی وەرگرت

بەرپرسانی تەندروستیش دەڵین سودەکانی ڤاکسینەکە لە رێگریکردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاترە لە مەترسییەکانی و پێیان وایە پێویستە بەردەوامی هەبێت لە بەکارهێنانی ڤاکسینەکە.

سەرەڕای ئەوەی بەریتانیا لێکۆڵینەوەی لە ڤاکسینەکە راگەیاندووە و هەوڵی سەلماندنی بێ کێشەیی ڤاکسینەکە دەدات و رێکخراوی تەندروستی جیهانیش هانی وڵاتان دەدات بەردەوام بن لە بەکارهێنانی ڤاکسینەکە.

بەڵام چەندین وڵات بریاریان داوە خۆیان لە مەترسییەکە بە دوور بگرن و بەکارهێنانی ڤاکسینەکە سنوردار بکەن یاخود چی دیکە بەکاری نەهێنن وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، ئیتالیا، فەرەنسا، ئیسپانیا، دانیمارک، نەرویج و هۆڵەندا بەکارهێنانی ڤاکسینەکەیان راگرتووە و سوید و لاتڤیاش سێشەممەی پێشوو راگرتنی ڤاکسینەکەیان راگەیاند.

زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی کە بەکارهێنانی ڤاکسینەکەیان راگرتووە یان سنوردار کردووە چاوەروانی ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەن رێکخراوە تەندرووستییەکان ئەنجامی دەدەن

دوایین نیگەرانییەکان کە بەهۆی ڤاکسینى ئەسترازینکاوە دروستبوو لە وڵاتی ئوستورالیایە، دوای ئەوەی ئوستورالییەکی 40 ساڵ چەند رۆژێک دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە تووشى خوێن مەیین بوو بەهۆیەوە گیانی لەدەست دا.

گیانلەدەستدانی نیگەرانی بۆ ئوستورالیەکان درووستکردووە، کە بڕیارە ڤاکسینی ئەسترازینیکا وەربگرن.

مایکڵ کید، جێگری وەزیری تەندروستی ئوستورالیا رایگەیاندووە، تائێستا دڵنیا نەبوونەتەوە گیانلەدەستدانی ئەو وەرگرە پەیوەندی بە ڤاکسینەکە هەبێت بەڵام لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

عێراق لە 25ی مانگی رابردوو 336,000 ڤاکسینی ئەسترازینیکای پێگەیشت و 43,800 دانەی بە هەرێمی کوردستان گەیشتووە.

ئەسترازینیکا دووەم جۆری ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنایە بە عێراق دەگات، دوای ڤاکسینی سینۆفارمی چینى کە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵ گەشتووە. 

پرۆسەی کوتان بە ڤاکسین لە عێراق و هەرێم دەستیپێکردووە و تائێستا هیچ حاڵەتێکی جەڵتە لە دوای کوتان بە ڤایرۆسکە تۆمارنەکراوە