ئیمارات بڕیاریدا بە بەهای سێ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە عێراقدا بکات

05/04/2021
فۆتۆ: 

دوابەدوای کۆبوونەوەکەیان، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیمارات لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، ئەبوزەبی بڕیاریداوە بەبەهای سێ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە عێراقدا بکات.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئیمارات بڕیاریداوە بەبەهای سێ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەعێراقدا بکات بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و رەخساندنی دەرفەتی نوێ لەهاوکاری و هاوبەشی دولایەنە، هەروەها ئەبوزەبی بڕیاریداوە بە دوبارە نۆژەنکردنەوەی منارەی حەدبا، مزگەوتی نور و ژمارەیەک کڵێسای دیکە لە پارێزگای نەینەوا.

ئەوەشخراوەتەڕوو کە، "ئامانج لەم دەستپێشخەرییە پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و وەبەرهێنانەکانە و هەروەها ڕەخساندنی هەلێکی نوێیە بۆ هاریکاری و هاوبەشیی نێوانمان و هاندانی گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتیە بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی عێراقی برامان ."

هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە عێراق و ئیمارات هاوڕابوون لەسەر پێویستی هەماهەنگی ئەمنیی، سەربازی و ئاڵوگۆڕی زانیاری بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، هەروەها هەردولا رێککەوتوون لەسەر هەماهەنگی لەبواری وزە و نەوت.

دوێنێ یەکشەممە ٤ی٤ی٢٠٢١، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئیماراتی کرد و لەگەڵ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی دوبەی و بەرپرسانی باڵای ئیمارات کۆبووەوە.

دوابەدوای دیدارەکە، محەمەد بن راشد ئال مەکتووم لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ پێشوازیم کرد لە برام مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی دۆست، پێکەوە گفتوگۆمان کرد دەربارەی بنیتانانی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان هەردوو وڵاتدا ".

ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراق وەک وڵاتانی دیکە نییە، بەڵکو سەرەتای سەرهەڵدانی شارستانیەتە، لە سەرەتاوە عێراق وڵاتی شارستانیەتی بووە، پشت بەخوا دەگەڕێتەوە بۆ شارستانیەت، چونکە ماوەی ٧ هەزار ساڵە شارستانیەتی لێ ئاوا نەبووە".