ئێران: چەند سیخوڕێکمان دەستگیر کردووە یەکێکیان ئیسرائیلییە

05/04/2021
فۆتۆ: 

ئاژانسی فارس نیوزی ئێران بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئەمنی چەند سیخوڕێکیان دەستگیرکردووە، یەکێکیان ئیسرائیلییە.

ئاژانسەکە ئاشکرایکردووە، دەستگیرکردنی ئەو سیخوڕانە لە پارێزگای ئازەربایجانی خۆرهەڵات لە باکوری ئێران بووە و ژمارەیەکیان پەیوەندییان بە دەزگای ئەمنیەکانی دەرەوە هەبووە.

بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری پارێزگای ئازەربایجانی خۆرهەڵات ڕایگەیاند "ڕەتیدەکەینەوە ئەو کەسانەی دەستگیرمان کردوون پەیوەندییان بە گروپە تەکفیرییەکانی پارێزگاکەوە هەبێت، بەڵکو سیخوڕێکی ئیسرائیلی و چەند سیخوڕێکی دیکەمان دەستگیر کردووە، کە بۆ بەرژەوەندی دەزگای ئەمنی بیانی لە پارێزگاکە کاریانکردووە".

دەستگیرکردنی ئەو سیخوڕانە لە کاتێکدایە، پێشتر "سەعید دەهقان" یەکێک لە پارێزەرەکانی "بنیامین برییر" ئەو گەشتیارە فەرەنسیە کە ١٠ مانگ لەمەوبەر لە ئێران دەستگیر کراوە، ئاماژەی بەوەکرد، بنامینی برییر تۆمەتی سیخوڕیکردن و پڕوپاگەندەی دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی دراوەتە پاڵ.

دەهقان ئاماژەی بەوەشکرد، دوو تۆمەتی قورسی وەک سیخوڕیکردن و پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دراوەتە پاڵ، ئەو گەشتیارە فەڕەنسییە، کە چاوەڕواندەکرێت ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردنی درێژخایەت ببێتەوە.