نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی

05/04/2021
فۆتۆ: 



ئەمشەو نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی، بەشێوەیەک نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت هاتەخوارەوە بۆ ٦١.٥٦ سەنت.

سەبارەت بە نرخی نەوتی خاوی ئەمریکاش بە هەمان شێوە دابەزینی زۆری تۆمار کرد و نرخی بەرمیلێک هاتە خوارەوە بۆ ٥٧ .٩١ سەنت.

هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزەدا پەیوەندیی هەیە بە بڕیارەکانی ڕێکخراوی ئۆپیک پلەس، کە خۆی دەبینێتەوە لە سووککردنی هەندێک لە کۆتوبەندەکانی بەردەم بەرهەمهێنانی نەوت لە دوو مانگی ڕابردوو، هەروەها زیادبوونی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ وڵاتانی ئاسیا.

کۆمەڵەی وڵاتانی ئۆپیک پڵەس ڕێککەوتوون لەسەر سووککردنی کۆتوبەندەکانی بەردەم بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی ٣٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ مانگی ئایاری داهاتوو، هەروەها ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو تر

بەپێی داتای دوو ڕۆژی ڕابردووی بۆرسەکانی جیهان، دوێنی یەکشەممە ٤ی٤ی٢٠٢١، هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت بە ٦٤ دۆلار و ٨٦ سەنت مامەڵەی پێوەکرا .

هاوکات نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکاش بە نزیکەی ٦١ دۆلار و ٤٥ سەنت مامەڵەی پێوە کرا .

 یەکێک لەو وڵاتانەی کە بودجەی وڵاتەکەی بە تەواوی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت عێراقە، بەشێوەیەک هەموو دابەزین و بەرزبوونەوەیەک کاریگەریی بەرچاوی هەیە لەسەر ئابوری و گوزەرانی خەڵکەکە .