ڤیدیۆ.. پیاوێکی عێراقی لەسەر 100دۆلار 3 گولـلە بە هاوسەری پێشوویەوە دەنێت

05/04/2021
فۆتۆ: 

لە ڕوداوێکی کارەستبار و دڵتەزێندا لە شاری بەسرەی باشەری عێراق، پیاوێک بە دەمانچە تەقە لە هاوسەری پێشووی دەکات، بەهۆی ئەوەی ڕەتیکردووەتەوە نەفەقەی منداڵەکەی کەمبکاتەوە کە مانگانە بڕی ١٠٠ دۆلار بووە.

ژنێکی عێراقی لە لایەن هاوسەری پێشوویەوە لەبەردەم کچە بچووکەیدا لە شاری بەسرە سێجار تەقەی لێ دەکرێت، بەهۆی ئەوەی ڕازی نەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ئەو نەفەقەیەی کە دادگا بۆی دیاریکردووە مانگانە پێی بدات بۆ بەخێوکردنی منداڵەکە.

بەگوێرەی بڕیاری دادگا ئەو ژنە مانگانە بڕی ١٥٠ هەزار دینار لە هاوسەری پێشووی وەردەگرێت، بەڵام ئەو داوایکردووە بۆی بکات بە نیوە.

بەڵام دوای رەتکردنەوەی داواکەی پیاوەکە تەقەی لێدەکات و بە خراپی قاچی لە چەند جێگایەکەوە بریندار دەکات.

ئەو ژنە بە میدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاندووە، نەیتوانیووە ملکەچی داوای هاوسەرە پێشووەکەی بێت، چونکە ئەو بڕە پارەی ئەو داوایکردووە، زۆر کەمبووە و بەشی پێداویستییەکانی منداڵەکەی ناکات، داواشی لە حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان کردووە سزای بدەن لەسەر ئەو هێرشەی کە کردوویەتیە سەری.

تۆماری ئەو ڕووداوە لە ناوخۆ و دەرەویە عێراق بەشێوەیەکی فراوان بڵابووەتەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەوهۆیەشەوە وەزارەتی ناوخۆیی عێراق ڕوونیکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ڕوداوەکە ڕۆژی ٢١ مانگی ڕابردوو ڕوویداوە و دەستبەجێ پۆلیسی پارێزگای بەسرە ڕێوشوێنی دژ بە کەسی دەستدرێژیکار گرتووەتە بەر.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستدا داوا لەسەر ئەو کەسە تۆمار کراوە و پۆلیس چوونەتە سەر ماڵەکەی بەڵام بەردەست نەبووە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەسرە هەموو توانایەکی خۆی خستووەتە گەر بەمەبەستی دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی بە دادگا، بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆی وەربگرێت.