ئەمریکا سزای نوێی بەسەر کەرتی سەربازیی تورکیادا سەپاند

06/04/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاریدا بە سەپاندنی سزا بەسەر دەستەی پیشەسازییە بەرگرییەکانی تورکیا (SSB ) بەهۆی گرێبەستەکانی لەگەڵ کەرتی بەرگری ڕوسیا، کە پەیوەندی هەیە بە دۆسیەی کڕین و تاقیکردنەوەی موشەکی ئێس ٤٠٠ دژە ئاسمانی لەو وڵاتە.

بە گوێرەی بڵاوکراوەیەک لە تۆماری فیدراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی  ئەمریکا تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، دەستەی پیشەسازییەکانی بەرگری تورکیا، چەند ساڵێکە گرێبەستێکی گەورەی لەگەڵ لایەنی ڕوسیدا ئیمزا کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە گوێرەی یاسای (کاتسا) ئەو سزایانەی دەستنیشانکردووە، کە پێویستە بسەپێنرێت بەسەر دەستەی بەرگری تورکیا و ئیسماعیل دەمیر سەرۆکی دەستەکە و سێ سەرکردەی دیکەی سوپادا.

بە گوێرەی سزاکەش ڕێگە بە هیچ هاوڵاتییەکی ئەمریکی نادرێت مامەڵە بکات لەگەڵ ئەو کەسایەتییە تورکیانەی کە سزاکان گرتوونییەتەوە، جگە لەوەش سەرجەم پارە و پشکی ئەو کەسانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بلۆک دەکرێت، هەروەها دەسەلاتدارانی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک ڤیزا نادات بەو کەسانە بێنە ناو خاکی تورکیاوە.

لە گرنترین خاڵی بڕیارەکە، قەدەغەی هەناردەکردنی هەموو بەرهەمیکی ئەمریکا دەکرێت، بۆ دەستەی پیشەسازی بەرگری تورکیا، هەروەها قەدەغەکردنی پێدانی قەرز پێی کە لە ١٠ ملیۆن دۆلار زیاتر بێت.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی کڕینی سیستمی موشەکی ئێس ٤٠٠ی ڕوسییەوە لەلایەن تورکیاوە، پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا ئاڵۆزیان تێکەوت، بەشێوەیەک  واشنتۆن ناچار بوو، گەورەترین گرنگترین گرێبەستی سەربازی خۆی لەگەڵ ئەنکەرەدا ڕابگرێت، کە تایبەت بوو بە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ پێشکەوتووی ئەمریکی.