کازمی بەڵێنی دا بە مامۆستایانی وانەبێژ

06/04/2021
فۆتۆ: 

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی دا لە دانیشتانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیراندا چارەسەرێک بۆ کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بدۆزێتەوە و پەراوێزیان نەخات.

لە وتەیەکدا سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، بە هیچ شێوەیەک پەراوێزتان ناخات و چارەسەرێکیان بۆ دەدۆزێتەوە.

کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێگە نادات بە هیچ لایەن و کەسێک موزایە بە هەست و سۆزی مامۆستایانی وانەبێژ بکات و دەیانەوێت کێشەکە لەڕێگەی بودجەوە چارەسەر بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆ لەسەر کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ دەکەن، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی بە پەلە و دادپەروەرانە بۆیان.

ئەو بەڵێنانەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، بە سەدان مامۆستای وانەبێژ و خۆبەخش، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوودا لە چەند پارێزگایەکی عێراق خۆپیشاندانیان ڕێکخست، بە مەبەستی هەمواری بڕگەی ١٢ لە پڕۆژە یاسای بودجە، بە مەبەستی گرێبەست یان جێگیرکردنی ئەو مامۆستایانە لەسەر میلاکی بەردەوام، بەو هۆیەشەوە لە چەند پارێزگایەک بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەیان داخست.