نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی کوژراوانی میانمار گەیشتووەتە 568 کەس

06/04/2021
فۆتۆ: 

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانی میانمار گەیشتووەتە ٥٦٨ کەس.

ستیڤان دوگاریت وتەبیژی فەرمی بەناوی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کۆتایی پشووی هەفتەدا ١٨ کە لە میانمار کوژراون.

نوسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، زانیاری متمانە پێکراویان پێگەیشتووە، لەوەتەی دەسەڵاتدارانی سەربازیی دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە لە میانمار، ٥٦٨ کەس کوژراون، کە ژمارەیەکیان ژن و منداڵن.

کۆمسیۆنەکە ڕاشیگەیاند، پێدەچێت کوژراوەکان زۆر لەوە زیاتر بن کە راگەیەندراوە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش دوودڵە لە دۆخی ئەمنی میانمار.

ڕۆژی ١/٢/٢٠٢١ سوپاس میانمار کودەتای کرد بەسەر دەسەڵاتی وڵاتەکەیدا و لەو کاتەوەش دۆخێکی مەترسیدار و خوێناوی لەو وڵاتەدا پیادە دەکات، دوای ئەوەی زۆربەی لێپرسراوە باڵاکانی حکومەتی پێشووی دەستگیر کردووە.