ساڵیادی یەکەم سەرۆک کۆماری کورد لە مێژووی عێراقدا
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 16 ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک مام جەلال وەک یەکەمین سەرۆککۆماری کورد لە مێژووی عێراق تێدەپەڕێت .
هاوسەرۆکی یەکێتی لە پەیامیکدا لەو ڕۆژەدا ڕایگەیاندووە "ئێمە بە شانازییەوە یادی ئەو رۆژە پڕ شکۆیە دەکەینەوە. 6ی نیسان بۆ ئێمە رۆژی وەفاداری و بەردەوامیمانە بۆ درێژەدان بە سیاسەتی حەکیمانەی مام جەلال، رۆژی بەرپرسیارێتیمانە بەرامبەر نەتەوەکەمان و هەموو ئەو بەها و بڕوایانەی مام بەرگری لێکردوون" .
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردووە، دیموکراسی، تەبایی و پێکەوەژیان بناغەی سیاسەتی مام جەلال بووە و ئەوانیش هەڵگری ئەو مەشخەڵە دەبن. دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ستراتیژی کارکردنیان دەبێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا هاوسەرۆکی یەکێتی باسی لەوەشکردووە، عێراق بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، نەبوونی متمانە لەنێوان هێز و لایەنەکان، ئەنجامنەدانی دیالۆگێکی نیشتمانیی لەپێناو چارەسەکردنی کێشەکان پێیان دەڵێت هەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال لە ڕابردوودا چەند گرنگ بووە. ئەو چەترێک بوو بۆ هەموو عێراقییەکان و بە سیاسەتی حەکیمانەی خۆی هەمووانی بۆ مێزی گفتوگۆ بانگهێشت دەکرد. هەموولایەکیش ئەم ڕاستییە دەزانن و شایەتی بۆ هەوڵی بێوچانی ئەو دەدەن لەپێناو سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق .
|