فراکسیۆنی یەکگرتوو: هەموو فشارێكیش دەگرینە بەر بۆ نههێشتنی لێبڕینی موچه
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، کۆی داهاتی مانگانەی هەرێم گەیشتووەتە سەرووی تریلیۆنێک دینار و هیچ پاساوێک نەماوە بۆ لێبرینی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران.
لە ڕاگەیەندراوێکدا فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی ئاماژەی بەوەکردووە، حكومهتی ههرێم مانگانە زیاتر لە 450 ملیۆن دۆلاری لە داھاتی نەوت وگاز دهست دهكهوێت، داھاتی ناوخۆی ھەرێمیش گەیشتۆتە سەروو 250 ملیۆن دۆلار، بۆیە هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ لێبرێنی موچە و هەموو فشارێكیش دەگرنە بەر بۆ نههێشتنی لێبڕینی موچه.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا فراکسیۆنی یەکگرتوو ڕوونیکردووەتەوە، لەیاسای بودجەی ئەمساڵی عیراقدا و لە مادەی (11) دا بەروونی ئاماژهی بهوهداوه، كه دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان خەرجکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرە یاساییەکانی لە پێشینەی خەرجیەکانی تر بێت لەو داھاتەی که له یاسای بودجەی عیراق بەری دەکەوێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆش حەڤدە ئەندام لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە یاداشتێکیان سەبارەت بە وەستاندنی لێبڕینی موچە رەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد .
لە یاداشتێکدا کە حەڤدە پەرلەمانتار واژۆیان کردووە، باس لەوە کراوە کاتی وەستاندنی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران هاتووە و بە پێی ماددەی 48 ی بڕگەی 4 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارانە واژۆی پێویستیان کۆکردووەتەوە بۆ مەبەستی تاوتوێکردنی ئەو بابەتە
|