خۆ پیشاندانەكان عەبادی و سەركردە سیاسیەكانی عێراقی كۆكردەوە


حەیدەر عەبادی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەركردەی لایەنە سیاسیەكانی عێراق لەبارەی خۆپیشاندانەكانەوە كۆبویەوە دوای كۆبونەوەكەش بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە.

لە كۆبونەوەكەدا پشتیوانی لە داواكاریەكانی خۆپیشاندەران كرا و رایانگەیاند: لە داواكاریی ڕەوای خۆپیشاندەران تێدەگەن و كار بۆ جێبەجێكردنی دەكەن بەڵام بە هیچ شێوەیەك هێرشكردنە سەر دامودەزگاكانی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەكان قبوڵناكەن.

كۆبونەوەی لایەنە سیاسیەكان و سەرۆكی حكومەت لەدوای خۆپیشاندانە ماوە درێژەكەی ناوچەكانی خوارو ناوەراستی عێراق هات كە تیایدا خۆپیشاندەران داوای ئاو كارەبا و رێگاوبان دەكەن بۆ شارەكانیان، ئەو سەركردانە راشیان گەیاند: هێزە ئەمنییەكان دەبێت كاری خۆیان بكەن و خۆپیشاندانیش دەبێت مۆڵەت وەرگرێت و كات و شوێن و داواكارییەكانی ڕوونبێت ئەگینا ڕێگەی پێنادرێت.

بڕیاریشدراوە كە بە خێرایی لیژنەیەك دروستبكرێت و بە دواچوون بكات بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە چاكسازیانەی كە حكومەت داویەتی لە چەند رۆژی رابردوودا.