وتەبێژی فەرمی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان: فەرمانمان پێكراوە تەقە لە خۆپیشاندەران نەكەین


عەمید یەحیا زوبێدی، وتەبێژی هێزی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق لەلێدوانێكیدا بۆ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا لەوبارەی جموجۆڵی هێزەكانیانەوە لەشاری كەركوك وتویەتی"هیچ هێزكمان لەكەركوك و خورماتوو نەكشاندۆتەوە بۆ باشوری عیراق، چونكە هەر خۆی هێزی پێویست لەناوچەكانی باشوردا هەن، هیچ بڕیارێكی لەو شێوەیە لە ئارادا نیە، ئەو بڕیارە ڕاست نیە یەكە سەربازیەكانمان ئێستا لەكەركوك و شوێنەكانی تردا هەن، هیچ بڕیارێك نیە بۆ كشانەوەی ئەو یەكە سەربازیانەمان، خۆی لەناوچەكانی باشور یەكەی تەواوی سەربازیمان هەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و سیستم پێویست بەكشانەوەی هێز ناكات لەشوێنەكانی تر".

زوبێدی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی عێراقیشەوە جەختی لەوە كردۆتەوە، داواكاری خۆپیشاندەران ڕەوایە فرمانیان پێ كراوە بەهیچ جۆرێك تەقە یا ئازاری خۆپیشاندەر نەدەن و دەڵێت"بەپێچەوانەوە لەم خۆپیشاندانانە ئەركمان پاراستنی سەر و سامانی هاوڵاتیانە. "

وتەبێژی هێزە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لەدرێژەی لێدوانەكەیدا لەسەر خۆپیشاندان وتوشیەتی" ‌ئەو خۆپیشاندانانە داوای ڕەوای هاوڵاتیانە، بەڵام ئێمە وەك یەكە سەربازییەكان و یەكە هاوبەشەكان ئەركمان پاراستنی هاوڵاتیانە، لەهەمانكاتدا ئەركمان پاراستنی پڕۆژە ئابورییەكان و دامودەزگا حكومیەكانە، هەرچەندە هەندێك هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكان بەرە و گێرەشێوێنی ببات بەڵام ڕێگە نادەین بەهیچ كارێكی گێرەشێوێنی دژی هیچ دامەزراوەیەكی دەوڵەت یا مەدەنی و ئابوری".

دەشڵێت"هەركەس بیەوێت ئەو كارانە بكات بێگومان وەڵامی توندمان دەبێت، لەهەمان كاتدا ئێمە چاودێری دەكەین، هەوڵی هەواڵگریمان هەیە،سەبارەت بەهەموو ئەو كەسانەی دەیانەوت داخوازییە ڕەواكانی خەڵك بە ئاڕاستەی كاری گێرەشێوێنی ببەن، هەروەك ئاماژەم پێدا وەڵامی توندمان هەیە بۆ هەركەس بیەوێت زیان بە سەلامەتی هاوڵاتیان و دامودەزگاكان و هەروەها دامودەزگاكانی حكومەت و ئابوری و مەدەنی بگەیەنێت. "

عەمید یەحیا زوبێد ڕەتیكردەوە لەلایەن هێز ئەمنیەكانی عێراقەوە تەقە لەخۆپیشاندەران كرابێت "هیچ تەقەیەك لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی ئێمەوە بە ئاڕاستەی خۆپیشاندەران نەكراوە بەڵكو هەندێك تەقە لەلایەن خەڵكی تێكدەرەوە بەئاڕاستەی هێزە ئەمنیەكان كراوە، هێزە ئەمنیەكان بەشێوازێكی پیشەییانە مامەڵە دەكەن، بەدەیان بریندارمان لەڕیزەكانی هێزە ئەمنیەكان و پۆلیس هەیە ئەوانەی پارێزگارییان لە دامەزراوە ئەمنیەكان دەكرد، هەروەك ئەوەی ئێمە بەوپەڕی پیشەییەوە كارمان كردووە لەپێناو زیان نەگەیاندن بەهاوڵاتیان ئەمە ڕێنماییەكانی بەڕێز سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی عیراقە بۆ هێزە ئەمنیەكان و هێزە هاوبشەكان بەبەكارنەهێنانی چەك بە ئاڕاستەی خۆپیشاندەران و هاوڵاتیان". زوبێد وەهای ووتوە.