بە سیمكارتكردنی كارەبا؛ كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتمانی دوو هێندەی ئێستا زیاد دەكات


كەمال محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای پارێزگای دهۆك ئەمڕۆ سێشەممە لەمیانی پرێس كرنفراسێكدا لەبارەی بەسیمكارتكردنی كارەبای نیشتمانیەوە ڕایگەیاند"لەگەڵ جێبەجێكردنی پڕۆژەی بە سیمكارتكردنی كارەبای نیشتمانیدا، مۆلیدە ئەهلیەكانیش هەر دەمێنن، چونكە هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو دۆخەی بڕیاری لابردنی تەواوەتی مۆلیدەكان بدەن.

كەمال محەمەد ئەوەشی رونكردەوە، گرێبەستی پڕۆژەی بە سیمكارتكردنی كارەبای نیشتمانی، مانگی سێی ئەمساڵ ئیمزا كراوە و لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەست بەجێبەجێكردنی كراوە و لە ماوەی 18 مانگدا جێبەجێدەكرێت و وتی"ئەگەر هیچ گرفتێك نەیەتە پێش لە كۆتایی ساڵی 2019دا پڕۆژەكە تەواو دەبێت".

بەڕێوەبەری گشتی كارەبای دهۆك جەختی لەوەش كردەوە، بە تەواوبوونی پڕۆژەی بە سیمكارتكردنی كارەبا، كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتمانی دوو هێندەی ئێستا زیاد دەكات كە ئێستا 10 بۆ 11 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەیە.