ناكۆكی‌و كێشەی ناوخۆیی لەناو هاوپەیمانی پەرەدەسێنێت


ئیسلامییەكان‌و یەكێتییەكانی نێو هاوپەیمانێتییەكە ململانێ دەكەن لەسەر زیادبوونی نفوزی خۆیان‌و دەیانەوێت كۆنگرەی داهاتوو بەپێی ویستی ئەوان ئەنجام بدرێت. 

بەرهەم ئەحمەد ساڵح، لە دوای جیابوونەوەی لە یەكێتی نشیشتمانی كوردستان بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئەمساڵدا هاوپەیمانیەتێكی بەناوی "هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری" پێكهێنا، لەهەریەك لەیەكێتییە كۆنەكان‌و ئیسلامییەكان بەئیخوان‌و نەهزەو حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان‌و دوای بەشداریكردنی لەهەڵبژاردنی12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق توانی دوو كورسی بەدەستبهێنێت.

ململانێی نێوان ئارام قادرو محەمەد رەئوف لەگەڵ یەكێتییەكان بەسەرۆكایەتی حاكم سەمەد محەمەد، كەریم بەحری، دڵشاد عەبدولرەحمان، بەزەقی دەبینرێت


رۆژی 10ی ئازاری 2018 لەشاری سلێمانی كۆنگرەی دامەزراندنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری ئەنجامدراو تێیدا بەرهەم ساڵح بەسەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە دیاریكراو بە ٦٢٧ دەنگ واتا بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرە هەڵبژێردرا بۆ سەرۆكی هاوپەیمانیەتیەكە.

هەر لەسەرەتای دروستكردنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری سەرەتا ئەنجومەنی بەڕێوەبردن‌و دەستەی دامەزرێنەری حزبی لە14 كەس پێكهێنرا، لەسەر بنەمای تەوافوق لەنێو بۆچوونە جیاوازەكان‌و دەڤەرەكان، پاشان لەكۆنفراسێكی ناوخۆیدا دكتۆر بەرهەم ساڵح وەك سەرۆكی هاوپەیمانیەتەكە قبوڵكراو، ئەنجومەنی گشتی لە 40 ئەندام پێكدێت‌و بەڕەچاوكردنی شوێنی جوگرافی پێكهێنرا، لەگەڵ دروستكردنی ئەنجومەنی دەڤەرو چەند دامەزراوەیەكی ئەو حزبە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ.

دوای پێكهێنانی ئۆرگانەكانی ئەو حزبە ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی بڕیاریدا ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەكان‌و لەنێوانی (كۆنگرە، كۆنفراس، پلینۆم) یەكێكیان هەڵبژێردرێت بەمەبەستی دووبارە ڕێكخستنەوەی هەیكەلی ئەو حزبە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، بەڵام بەهۆی دروستبوونی هەندێ كێشەی ناوخۆیی‌و سەرهەڵدانی ململانێ لەنێو هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح، جۆرێك لەپاشگەزبوونەوەو ساردی بەئەنجامدانی كۆنگرەوە دیارە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (ژیان) كەوتووە؛ لەئێستادا بەشێكی زۆر لەئەندامانی ئەنجومەنی گشتی‌و كارگێڕی‌و ئەندامانی ئەنجومەنی دەڤەرەكان داوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرجەم ئۆرگانەكان دەكەن لەنێویشیان ئەنجومەنی بەڕێوبردن‌و جێبەجێكردنی ئەو حزبە، چونكە پێیانوایە دیاریكردنی زۆربەی ئەو كەسانە لەرێگەی دامەزراندنەوە بووە، لەدانانی ئەو كەسانە ڕەچاوی هاوسەنگی باڵەكانی نێو ڕەوتەكە نەكراوە.

لەئێستادا بەشێكی زۆر لەئەندامانی ئەنجومەنی گشتی‌و كارگێڕی‌و ئەندامانی ئەنجومەنی دەڤەرەكان داوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرجەم ئۆرگانەكان دەكەن لەنێویشیان ئەنجومەنی بەڕێوبردن‌و جێبەجێكردنی ئەو حزبە


خاڵێكی دیكەی ناكۆكی لەنێو ئەو حزبە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ هێنانەوەی سەرجەم دامەزراوەكانی ئەو حزبەیە بەسەرۆكی هاوپەیمانی‌و ئەنجومەنی بەڕێوەبردن‌و دەزگای دارایی‌و هەڵبژاردن‌و پەیوەندییەكان‌و ڕاگەیاندن بۆ شاری هەولێر، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ پارێزگای هەولێر سەنتەری رەوتەكەیەو پێویستە سەرجەم دامەزراوە سەرەكییەكانی لە هەولێر بن.

بەپێی بەدواداچوونەكانی (ژیان) دەركەوتووە، نەبردنی دامەزراوە سەرەكییەكان بۆ شاری هەولێر بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە لەوانە نەبوونی بودجەی پێویست لەلایەن ئەو حزبە بۆ گەڕانەوەی ئەو دامەزراوانە، هەروەها ململانێ‌و تێبینی بەشێك لەسەركردەكانی دەڤەرەكانی دیكەو بێئومێدبوونی بەرهەم ساڵح بەهۆی ئەو دەنگە كەمەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی ‌ودادەپەروەری لەهەولێر هێناویەتی لەهەڵبژاردنی 12ی ئایار.

لەدوای شكستی ڕەوتەكەی بەرهەم ساڵح لەهەڵبژاردنی12ی ئایار، دەزگای ڕاگەیاندنی لەلایەن بەرپرسانی ئەو حزبە گۆڕانكاری بەسەرداهێنراو بەهۆیەوە سەرۆكی دەزگای خەندان‌و چەند كارگێڕێكی ئەو دەزگایەو لەكۆی 170 كارمەند پەنچایان دوورخرانەوە، چوار لەئەندامانی ئەنجومەنی گشتی‌و چەند ئەندامێك لە دەڤەرو بازنەوانەكان وازیان لەكارەكانیان هێناوە.

بوونی ململانێ لەنێوان یەكێتییەكانی نێو هاوپەیمانیەتەكەو ئیسلامییەكان لەهەردوو باڵی ئیخوان‌و كۆمەڵ بەڕوونی لەنێو ئۆرگانەكان دیارەو بەجۆرێك زۆرجار ئەو ناكۆكییە لەنێوانی سەركردە باڵاكان هەستپێكراوە، لەنێویشیان محەمەد ڕەئوف، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ئەو حزبەو ئەندامی مەكتەبی پێشووتری سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی‌و حاكم سەمەد محەمەد، سەرۆكی دەڤەری هەولێری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری.

ململانێی نێوان ئیسلامییەكان بەسەرۆكایەتی ئارام قادرو محەمەد رەئوف لەگەڵ یەكێتییەكان بەسەرۆكایەتی حاكم سەمەد محەمەد، كەریم بەحری، دڵشاد عەبدولرەحمان، بەزەقی دەبینرێت هەریەكەیان هەوڵ دەدات كەسە نزیكەكانی خۆی لەئۆرگانە جیاوازەكان بهێنێتە پێش.

ململانێی نێوان ئیسلامییەكان بەسەرۆكایەتی ئارام قادرو محەمەد رەئوف لەگەڵ یەكێتییەكان بەسەرۆكایەتی حاكم سەمەد محەمەد، كەریم بەحری، دڵشاد عەبدولرەحمان، بەزەقی دەبینرێت


بەپێی زانیارییەكانی (ژیان)، زیاتر لە حەوت ئەندامی دەڤەری هەولێر لەهاوپەیمانی‌و دیموكراسی لەمانگی ئایاری ئەمساڵ لەگەڵ بەرهەم ساڵح كۆبوونەتەوە بەمەبەستی گەیاندنی سكاڵایان لەسەر بەڕێوەچوونی كارەكانی دەڤەری هەولێر، دواتر لەلایەن ناوبراو لیژنەیەك پێكهێنراوە بەمەبەستی هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی ئەنجومەنی دەڤەری هەولێری هاوپەیمانی، بەڵام سەركردەكانی ئەو حزبە لەهەولێر رێگریان لەڕاپۆرتی لیژنەكە كردووەو پێیان وابووە چوونی ئەو حەوت كەسە بۆ لای سەرۆكی هاوپەیمانی‌و دروستكردنی لیژنەكە بازدانی ئیدارییەو پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆییە.

دانەنان‌و پڕنەكردنەوەی چەندین ئۆرگان‌و دامەزراوە لەلایەن ئەو حزبە یەكێكە لەخاڵی ناكۆكی نێوان ئەو حزبە، چونكە بەهۆی ئەنجامنەدانی كۆنگرەی ئاسایی‌و ململانێی نێو باڵەكان هێشتا ئەو پۆستانە پڕنەكراونەتەوەو هەر باڵێك لەو باڵانە پڕكردنەوەی ئەو پۆستانە بەئیستحقاقی خۆیان دەزانن.

لەهەڵبژاردنی12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە فەرمی چووە پاڵ لیستەكەی بەرهەم ساڵح‌و مەسەلەی یەكگرتنەوەی هەردوو حزبەكەش خرایە دوای هەڵبژاردنەكان، بەڵام بەهۆی نەبوونی متمانە لەنێو هەردوو هێزەكەو نەزانینی قورسایی و نفوزی یەكتر تاوەكو ئێستا بڕیاری یەكگرتنەوەیان نەدراوە.

بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ەی پەرلەمانی كوردستان هاوپەیمانی‌و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بڕیاریانداوە دووبارە بەیەكەوە بچنە هەڵبژاردن، حزبی زەحمەتكێشانیش داوای كاندیدی زیاتریان كردووە، یەكگرتنەوەی هەردوو حزبەكەش پەیوەست كراوە بەهەڵبژاردنی ناوخۆیی‌و كۆنگرەی ناوخۆی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری.

دوای كۆبوونەوەی سەرۆكی هاوپەیمانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بەپێی زانیارییەكانی (ژیان)، بەرهەم ساڵح بەسەركردەو ئەندامانی حزبەكەی ڕاگەیاندووە، ئەوان ئامادەبوون بەبێ مەرج بچنە ناو ئەو هاوپەیمانیە


ماوەی چەند ڕۆژێكە هاوپەیمانی‌و دیموكراسی لەسەر داوای ئەنجومەنی گشتی‌و سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە دەستیانكردووە بەئەنجامدانیو ۆركشۆپ‌و مینی كۆنفراس، بەمەبەستی نوسینی پێشنیار لەسەر شێوازی ڕاپۆرت، بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕی‌و كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حزبەو خۆ ئامادەكردن بۆ هەڵبژاردن‌و كۆنگرەی داهاتوو.

مانگی ڕابردوو بەفەرمی لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی لەهەرێمی كوردستان لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات، بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خۆی تۆمار كرد.

دوای كردنەوەی دەرگای وەرگرتنی كاندید بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی هەرێم، یەكێك لەكێشەكانی هاوپەیمانێتیەكە ئەوەیە زۆرێك لەو كەسانەی خۆیان كاندید كردبوو لەهەڵبژاردنی رابردوو، لەگەڵ ئەندامانی ڕەوتەكە ئامادەییان نییە خۆیان كاندید بكەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەهۆی ترسیان لە دەرنەچوونیان‌و جگە لەوەی سەركردە باڵاكانی ئەو حزبە داوایان لەچەند كەسایەتییەكی دەرەوەی ئەو حزبە كردووە خۆیان كاندید بكەن بەڵام زۆربەیان ڕەتیان كردۆتەوە.

ترسی ئەو كاندیدانە لەدەرنەچوون هۆكارێكە، بەڵام هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی باڵەكانی ئەو ڕەوتە لەكاتی هەڵبژاردنەكان بانگەشە بۆ كاندیدەكانی خۆیان دەكەن، ئەوەش لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار بەزەقی بینرا.

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سەرۆكی هاوپەیمانی‌و دیموكراسی‌و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی پەڕێوەبردن‌و ئەنجومەنی گشتی‌و سەرجەم دەڤەرەكان، هاوڕابوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو بەیەك لیست بەشداری بكەن، بەڵام بەهۆی ڕەتكردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەو داواكارییە ئەو هاوپەیمانیەتە شكستی هێنا. 

دوای كۆبوونەوەی سەرۆكی هاوپەیمانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بەپێی زانیارییەكانی (ژیان)، بەرهەم ساڵح بەسەركردەو ئەندامانی حزبەكەی ڕاگەیاندووە، ئەوان ئامادەبوون بەبێ مەرج بچنە ناو ئەو هاوپەیمانیە، بەبێ داواكردنی سەرۆكی لیستەكە، بەڵام گۆڕان ڕەتیكردۆتەوەو یەكێك لەو كەسانەشی كە ڕێگربووە لەو هاوپەیمانیەتە محەمەد تۆفیق رەحیم، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان بووە.

ئارام قادر بە (ژیان)ی وت "هێشتا بەتەواوی دامەزراوەو ئۆرگانەكان سەرپێ نەكەوتوون بەهۆی تازەیی ڕەوتەكەو لایەنی دارایی".


لەدەرەوەی ڕەوتەكەی بەرهەم ساڵح چەند سەركردەیەكی كۆنی یەكێتی ‌و نزیك لەبەرهەم ساڵح لەوانە "سەروەر عەبدولرەحمان، ئیسماعیل مەحمود، قادر وەرتێ‌و توانا ئەحمەد"، كەدوای دروستكردنی هاوپەیمانی دوورخرانەوە ناڕازین لەو شێوازی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی‌و ئامادەش نین جارێكی دیكە بگەڕێنەوە یارمەتی بەرهەم ساڵح بدەن، ئەو سەركردەو كادیرانەشی كە لە بەرهەم ساڵحەوە نزیك بوون‌و چاوەڕێی دەرەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاریان دەكرد، لەئێستادا پەشیمان بوونەتەوەو ئامادەنین بچنە ناو ئەو قەوارەیەو هەر لەنێو ریزەكانی یەكێتی ماونەتەوە.

ئارام قادر، یەكێك لەدامەزرێنەرانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری پێیوایە "جێبەجێنەكردنی بەشێك لەپەیڕەوی ناوخۆ  ئەنجامنەدانی كۆنگرە پەیوەندی بەهەلومەرجی كوردستان‌و عێراقەوە هەبووەو هەڵبژاردن هاتۆتە پێش‌و كات نەبووە.

ئارام قادر بە (ژیان)ی وت "هێشتا بەتەواوی دامەزراوەو ئۆرگانەكان سەرپێ نەكەوتوون بەهۆی تازەیی ڕەوتەكەو لایەنی دارایی".

ناوبراو، رەتیدەكاتەوە ململانێكانی نێو ڕەوتەكە بەو زەقیە بن‌و دەڵێت "لەنێو هەموو حزب‌و رێكخراوێك بوونی بۆچوونی جیاوازو پێكدادان حاڵەتێكی سروشتییەو دەكرێ سوودی لێ وەربگیرێت‌و خاڵێكی پۆزەتیڤە".