ژیان ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی یەكێتی ئاشكرا دەكات


(تۆڕی هەواڵی ژیان) زانیویەتی لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ (سێشەممە)ی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا تەوەرێكی گرنگی كۆبوونەوەكە باسكردن بووە لەئامادەكارییەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30ی ئەیلوولی 2018 ئەنجام بدرێت.

لەكۆبوونەوەكەدا تاوتوێی ئامادەكارییەكانی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حزبە كراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی پشتیوانی بەردەوامبوونی كارەكانی دەزگای هەڵبژاردنیان كردووە.

(تۆڕی هەواڵی ژیان) زانیویەتی تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە باسكردن بووە لە یەكڕیزی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لەبەغدا و ئامادەكردنی بەرنامەیەكی هاوبەشی لایەنە سیاسیەكان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا لەبواری پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا.

كۆبوونەوەكە جەختی لەسەر سەردانیكردنی وەفدێكی یەكێتی كردۆتەوە بۆ لای لایەنە سیاسیەكان تا كورد بە یەك بەرنامە و بەیەكڕیزی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی عێراقی لەگەڵ بەغدا بكات.