سەركردایەتی یەكێتی: چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی كوردستان ئامانجی سیاسیمانە


ئەمڕۆ (سێشەممە) ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەشاری سلێمانی كۆبوەوە و لەدوای كۆبوونەوەكەش راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.  

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

  سەرلەبەیانی ئەمرۆ (17/7/2018) بەسەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی، كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی، بە دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد.

  گرنگترین تەوەرەكانی كۆبونەوەكە بریتی بوون لە: بارودۆخی سیاسی‌و ئەمنی عێراق‌و  ناڕەزاییەكانی دانیشتوانی ژمارەیەك لە پارێزگاكانی عێراق، سەرئەنجامی ئەو هەوڵانەی یەكێتی داوێتی لەگەڵ حیزبە عێراقی‌و كوردستانیەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق‌و هاوهەڵوێستی كورد لە عێراقدا، پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان‌و پەیوەندی یەكێتی‌و لایەنە سیاسیەكان‌و كۆنگرەو كاروباری حزبی. لەماوەی چوار سەعاتدا، ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەپەرۆشەوە بۆچوونی خۆیان لەبارەی تەوەرەكانی كۆبونەوەكە دەربری.

 سەبارەت بە دۆخی عێراق،  كۆبونەوەكە جەختی كردەوە، سەرئەنجامی قەیرانی دارایی‌و خراپیی گوزەران‌و گەندەڵی‌و شكستی پرۆژە حزمەتگوزارییەكان‌و نائومێدبوون لە چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق، دانیشتوانی ژمارەیەك لە پارێزگاكانی عێراق خۆپیشاندان دەكەن. وەك هەمیشە لەگەڵ هەموو مافە ئابوری‌و مەدەنیەكانی خەڵكین، لەهەمان كاتیشدا هەموو جۆرە دەستدرێژییەك بۆ سەر مۆڵكی گشتی‌و دامودەزگاكانی حكومەت كارێكی ئاژاوەگێڕییە.  ئەنجومەنی سەركردایەتی ئومێدەواربوو ئەم رووداوانە ببنە وانەیەك بۆ حكومەتی داهاتووی عێراق، كە پابەندی دەستورو رێكەوتنەكان‌و مافە مەدەنیەكانی خەڵك بێت.

 سەبارەت بە دۆخی كوردستان، یەكێتی چاوەروانی دوائەنجام‌و دوابڕیاری دادگای دەستوری عێراقە، دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان. دوای ئەوە هەڵوێستی خۆی لەسەر كۆی جومگە سیاسیەكانی ناوخۆی كوردستان، بە هەڵوێستی لایەنە سیاسیەكانیشەوە ڕادەگەیەنێت. لە پێشەوەدا چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی كوردستان ئامانجی سیاسیمانە، بێگومان پاراستنی ئەزمونە دیموكراسیەكە‌و جێ بەجێ كردنی داخوازییە ڕەواكانی خەڵك‌و بەرپرسیارێتیە مێژووییەكانی سەرشانمان، لە سەروی هەموو رەچاوێكی ترەوەیە!

 كۆبونەوەكە جەختیی كردەوە، بەپێی (نەخشەرێگای یەكێتی)، گفتوگۆكان لەگەڵ پارتی بەردەوام دەبێت، تا دەگات بە رێكەوتنێكی هاوسەنگ‌و پێویست بۆ دۆخی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكە. دوا ئەنجامی گفتوگۆكانیش، دەخرێنەوە بەردەم سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەندی، هەتا پەسەند بكرێین.

 كۆنگرەی چوارەم تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە بوو. لەم هەفتەیەدا وەفدی یەكێتی كۆبونەوەكانی لەگەڵ لایەنە كوردستانی‌و عێراقیەكان درێژە پێیدەدات‌و ئەنجامی هەوڵەكان دەهێنێتەوە، ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆدەبێتەوەو تاوتوێیان دەكات.