دەستلەكاركێشانەوە لەهاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح دەستی پێكرد


هاوڕێ‌ مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لەراگەیەندراوێكدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لەهاوپەیمانێتی ناوبراو  ئاراستەی بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە كردووە و تیایدا هاتووە "دەست لەكاركێشانەوەی خۆم لە ڕیزەكانی( هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) ڕائەگەیەنم و ئەوە ئەخەمە ڕوو كەلەنوسینی ئەم دەستلەكاركێشانەوە بەدواوە، دوور و نزیك،  بەئاشكراو بەنهێنی،  هیچ پەیوەندیەكم بەڕیزەكانی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) نەماوەو نامێنێت".

پێشتر رۆژنامەی (ژیان) لەدوا ژمارەی خۆیدا راپۆرتێكی لەبارەی ناكۆكی و كێشەی ناوخۆیی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بڵاوكردەوە و تیایدا هاتبوو "لەدوای تێپەربوونی پێنج مانگ بەسەر دروستكردنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری لەلایەن بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری دووەمی پێشووی سكرتێری گشتی یەكێتی، بەهۆی ئەنجامنەدانی كۆنگرەو شكستهێنان لەهەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، ناكۆكی دەكەوێتە نێو هاوپەیمانیەتەكە.

ئیسلامییەكان‌و یەكێتییەكانی نێو هاوپەیمانێتییەكە ململانێ دەكەن لەسەر زیادبوونی نفوزی خۆیان‌و دەیانەوێت كۆنگرەی داهاتوو بەپێی ویستی ئەوان ئەنجام بدرێت.

دەقی راگەیاندراوەكە.....
‎لەهاودید (هاوڕێ محمود ڕەسوڵ) (ئەندامی ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری)یەوە
‎  بۆ     
‎بەڕێز  / ( د.بەرهەم ئەحمەد  ساڵح )  ‎سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری

‎ بابەت: دەستلەكار كێشانەوە( استقالە)
‎  بەرێز سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری : سڵاوی دیموكراسی و قبوڵكردنی بیروڕای جیاوازتان پێشكەش.

‎ من (هاوڕێ مەحمود رەسوڵ) كە لەسەرەتای دروستبوونی هاوپەیمانیەوە هاوڕێتان بووم و بەپەرۆشەوە وەك هاودیدێكی دڵسۆزی هاوپەیمانی بەوپەڕی بەرپرسیاریتیەوە ئەركی سەرشانم لەهەردوو دامەزراوەی ( پەیوەندیەكان )و (میدیایی) بەجێهێناوە.

‎هاوكات تاكو ڕۆژی هەڵبژاردنیش (كارگێری راگەیاندنی دەڤەری سلیمانی) بووم كە سەرپەرشتی كاروباری میدیایی سەرجەم بازنەكانی( ناوشاری سلێمانی و هەروەها بازنەكانی سنوری چەمچەماڵ و دەوروبەری، دوكان و دەوروبەری، شارباژێر و دەوربەری، شارەزور و دەوروبەری)م كردوە بەئاگاداری ڕاستەوخۆی بەرێز (م.چیا ئیسماعیل) ئەندامی ئەنجومەنی بەرێوەبردن و بەرپرسی سۆشیال میدیای هاوپەیمانی لەئەنجومەنی بەڕێوەبردن لەوكاتەدا.

‎ هاوكات لەهەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا وەك (هەڵسەنگێنەری هۆبەی نوسراو  لەدامەزراوەی میدیایی)دا هەڵسەنگاندن و پێداچونەوەم بەسەرجەم ئەو وتارو بابەتانەدا كردوە كە لە هۆبەی نوسراوی دامەزراوەیی میدیایەوە بڵاوكراونەتەوە بە ئاگاداری ڕاستەوخۆی بەرێز ( م.جەلال ئەحمد ).

‎ هەروەك لە لەكاتی خۆپیشاندانی مامۆستایانی زانكۆدا بە چوارچێوەی ( تۆڕی مامۆستایانی زانكۆی هاوپەیمانیدا) بە بەشداری و هوتاف و دەیان چاوپێكەوتنی تەلەفیزیۆنی هەمیشە چالاك  و لەڕیزی پێشەوە بووم.

‎لەئێستاشدا كە ئەندامی (ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی) و هاوكات ئەندامی ( دامەزراوەی میدیایی) و  (دامەزراوەی ڕاهێنان و گەشەپێدان) و هەروەها ئەندامی (بەشی میدیایی دەڤەری سلێمانی)م.

‎  لێرەوەو (لەبەر ئەوهۆكارانەی كەمانگێك لەمەوپێش لەنامە شەش لاپەڕەییەكەمدا كەلەڕێگەی بەڕێز ( م.ئارام قادر)ەوە ئاڕاستەی بەڕێزتانم كردوو داوای هەڵوێست و وەڵامم لێكردبوون و تیایدا ئەوەشم خستبووە ڕوو كە لە كاتی وەڵام نەدانەوەم دا توندترین هەڵوێستم ئەبێت) و ئێوەش تاكو نوسینی ئەم دەستلەكاركێشانەوەیەم  بێ وەڵام بوون!

‎ بەوهۆیەوەو بۆ ڕێزگرتن لەكەسایەتی و پێگەی ئەكادیمی و كۆمەڵایەتی و (ڕا ) بێ وەڵامەكانم‌ وبۆ ئەوەش كلتوری پەراوێزخستنی  خەڵكانی ئەكادیمی لەلایەن بەرپرسە  باڵاكانەوە تێبپەڕێنم و پیرەمێرد ئاسا بڵێم: ( سوراحی سەر فروو دێنێ لەبۆ پیاڵە كە تێكا بۆی!)

‎دەست لەكاركێشانەوەی خۆم لە ڕیزەكانی( هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) ڕائەگەیەنم و ئەوە ئەخەمە ڕوو كەلەنوسینی ئەم دەستلەكاركێشانەوە بەدواوە، دوور و نزیك،  بەئاشكراو بەنهێنی،  هیچ پەیوەندیەكم بەڕیزەكانی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) نەماوەو نامێنێت.

‎ خۆشحاڵیشم بەبەسەربردنی ئەوكاتانەی لەگەڵ بەرێزتان و سەرجەم هاودیدانی رێزدار پێكەوە سەرقاڵی كار و چالاكی بوین.
‎هاوكات سوپاسی متمانەی بەریزتان ئەكەم كەبەتایبەت داواتان لێكردم كەكاندید بم لەسەر لیستی هاوپەیمانی بۆ پەرلەمانی عیراق بەڵام رەتمكردەوە .

‎لەقۆناغی پێكەوەكاركردنماندا لەهیچ هەنگاوێكم پەشیمان نیم و بەڵكو بەوێستگەیەكی گرنگی ژیانمی ئەزانم.

‎ لەكۆتاییدا هیوام سەركەوتنتانەو ئێوەو هەموو ئەو هاوڕێیانەی لەرێگەی هاوپەیمانیەوە ناسیومن بۆ هەمیشە گەنجینەیەكی بەهاداری مرۆیین بۆ من لەسنوری هاوڕێیەتیدا......

‎بۆهەمیشەش داكۆكیكاری  سەرسەختی ئازادی و دیموكراسی و ماف و غەمی  خەڵك و دادپەروەری كۆمەڵایەتی ئەبم.

‎لەگەڵ ڕێزی:
‎هاوڕێ مەحمود
‎ئەندامی دەست لەكار كێشاوەی ئەنجومەنی گشتی (سەركردایەتی) هاوپەیمانی و مامۆستای زانكۆ‎