نووسەرێكی دیار یوسف محەمەد دەداتە بەر رەخنە


لەتیف فاتیح، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لەوتارێكیدا نووسیویەتی"دكتۆر یوسف محەمەد، كوڕێكی ئارام و لەسەرخۆ ، كەسێك كە كاك نەوشیروان لە پێناویدا قوربانی زۆریدا ، زۆر ناجۆرە كە ئێستا گوێت لێبێت بە كەسانی وەك عوسمانی حاجی مەحمود و قادری حاجی عەلی بڵێت ،جا بڕۆن باشترە ئەوان چیان بۆ گۆڕان كردووە "، دواتریش دەڵێت بۆ ئەم قسەیە شاهیدم هەیەو مایەی نكوڵیكردنیش نیە ".

لەتیف فاتیح فەرەج، نووسیویەتی "هیچ بزوتنەوەیەكی سیاسی لە دنیادا ئەندامەكانی خۆی لێزیاد نیە ، كەسیش بە زیاد نازانێ‌ چجای ئەو ئەندامانە كاراو كارەكتەری ناسراوی كۆمەڵگە و حزبن، هەر بۆیە مایەی تێڕامانە كە گوێت لە وشەی ” بڕۆن جەهەنەم ” دەبێت.

لەتیف فاتیح ئاماژە بەوە دەكات "بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دكتۆر یوسف محەمەد سادق ،وەك حەزرەتی یوسف سەیردەكرا ، یان هەموومان دەمانوویست وا وێنای بكەین ، كاتێك رێگریشی لێكرا بۆ ئەوەی نەگەڕێتەوە پەرلەمان وەك یوسفی ناوبیرەكە سەیركرا ، بەڵام لەمەدا هەموو هەڵسوڕاوەكانی گۆڕان بەوانەشەوە كە ئێستا دكتۆ ر یوسف بە زیادەیان دەزانێ‌ لە سەر ئەو هاتنە دەنگ ،پێچەوانەی براكانی حەزرەتی یوسف ، لە كاتێكا من بۆخۆم بڕوام وابوو ئەو وەك سەرۆكی پەرلەمان دەبوو نەگەڕایەتەوەو هەر بچوایەتە هەولێرەوە ، وەك چۆن لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بە قسەی كەسی نەكردو ئاكامەكە ئاوا كەوتەوە ، كەكەوتەوە ، دەبوو بۆ گەڕانەوەشی بۆ سلێمانی بە قسەی كەسی نەكردبا چی دەبوو باببوایە .”

دەشڵێ‌ "دكتۆر یوسف و زۆر گەنجی تر ئەوانە بوون كە ئاماژەیان بۆ دەكراو دەیانووت بزوتنەوەی گۆڕان ئەم نەوەیە دێنێتە پێشەوە ، ئەمەش وەك شانازی ناو دەبرا ، ئەو شەوەی دكتۆر یوسف رێگری لێكرا ، یەكێك لەوانەی ئێستا ئەو بە زیادی دەزانێ‌ زۆر توڕەو نیگەران بوو ، بە زۆر دایانمركانەوە تاوەكو كاردانەوەیی نەبێت ".

ئاماژە بەوەش دەكات "لەو گرفتانەی ئەمڕۆ لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە دەبوو دكتۆر یوسف و گەنجەكان رۆڵێكی گەورەی چارەسەریان گێڕاباو دەستەودامانی بیرو ڕاجیاكان بان نەگاتە مریشكە ڕەشە نەك خۆیان بەشێك بن لە ئاگری بن كاكە ، من هەر ئەوەم لە خوێنەوارەكان چاوەڕێ‌ دەكرد ، بەڵام نا !!.”

لەتیف فاتیح باس لەوەش دەكات "بۆ دكتۆر یوسف ، كوڕێكی ئارام و لە سەر خۆ ، كەسێك كە كاك نەوشیروان لە پێناویدا قوربانی دەدا ، زۆر ناجۆرە بە كەسانی وەك عوسمانی حاجی مەحمود ، قادری حاجی عەلی بڵێت "جا بڕۆن باشترە ئەوان چیان بۆ گۆڕان كردووە "، بۆ ئەمە شاهیدم هەیەو مایەی نكوڵی كردن نیە ، ئێ‌ قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود سەرەڕای ئەوەی دوو كۆڵەكەی گرنگی ئەو بزوتنەوەیە بوونە ، زۆر سەنگینیش بوونە ، بە ڕادەیەك تا ئێستا یەكێتیش لە خۆی ڕانەدیوە بڵێ‌ عوسمان یان عومەری سەید عەلی زیادەن و دەڕۆن ناڕۆن كەیفی خۆیانە ، تەنانەت كە جەوهەر نامیق لە بەرزترین پۆستا پارتی بە جێهێشت و دانیشت میدیاو ئەدەبیات و كارەكتەرە سیاسیەكانی پارتی نەك لە گوڵ كاڵتریان پێنەوت ، بگرە زۆر بە ڕێزیشەوە سەیریان دەكردو هەمیشە بە سەریان دەكردەوە ، لە مردنەكەشیا خاوەندارێتیان لێكرد ، عوسمانی حاجی مەحمود و قادری حاجی عەلی و هەموو ئەوانەی بزوتنەوەی گۆڕان بە جێدێڵن ، زیادە نین ، كێشەیەك هەیە ، كێشەكە پێویستە چارەسەر بكرێت ، نەك هەوڵی بچوككردنەوەی بزوتنەوەیەك كە نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوە درروستی كرد واقیعە سیاسیەكەی پێبگۆڕێت ".

"هەڵبەت من نامەوێ‌ درێژدادڕی بكەم ، بەڵام دوا قسەم هەر ئەوەیە ، هیواخوازم ئەم جۆرە نوسینانە نەبنە هۆی ئەوەی لە بری چارەسەر پەلامار بدرێین و تۆمەت و تانەبارانكرێین ، وەك ئەوەی باوە " لەتیف فاتیح وا دەڵێت.