ئەحمەد جبوری بۆ ژیان: هەركەس زانیاری بداتە پۆلیس 10 ملیۆن دینار وەردەگرێت



لیوا ئەحمەد جبوری، فەرماندەی پۆلیسی نەینەوا سەبارەت بەهۆكاری سەرهەڵدانەوەی كردەوە تیرۆریستی و تەقینەوەكانی ئەمدواییانەی موسڵ و دەوروبەری بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)¬ی  وت" بەداخەوە ماوەیەكە شانە نووستوەكانی داعش لەپارێزگای موسڵ و دەوروبەری دەستیان كردۆتەوە بەهەڕەشەكانیان بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان و لایەنە ئەمنیەكان، ئێستا شێوازێكی تر بەكاردەهێنن لەهێرشەكانیان و پەنا بۆ تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراو دەبەن و لەماوەی رابردوودا لەرێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراوەوە چەندین كاری تیرۆریستیان ئەنجامداوە". 

وتیشی "ئێمە دڵنیایی دەدەینە دانیشتوانی موسڵ بەوەی ژیانیان پارێزراوەو شكست بەپیلانەكانی داعش دەهێنین و لەماوەیەكی كورتدا كۆتایی بەو شانە نهێنیانەش دەهێنرێت كەلەموسڵ ودەوروبەری ماونەتەوەو داواكارین هاووڵاتیانیش هاوكاری تەواوی پۆلیس و هێزە ئەمنیەكان بكەن و  داواكارین هەركەسێك زانیاریی و هەواڵی لەسەر شوێنی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو یان دەربارەی ئەو كەسانەی ئۆتۆمبێلەكان بۆمبڕێژ دەكەن ئەوا پەیوەندی بە ژمارە گەرمەكانی فەرماندەی پۆلیسی نەینەواوە بكەن و ئاگادارمان بكەنەوە‌و هەركەسێك زانیاری بدات  لەبەرانبەردا بری 10 ملیۆن دیناری وەك دیاری پێدەبەخشرێت".